نیسان 24, 2017 07:31 Asia/Tehran
  • پشک خستن بۆ دیاریکردنی نۆبەی پرۆگرامی ڕادیۆو تەلەفزیۆنیی بەربژارانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران

پشک هاویشتن بۆ دیاریکرانی کاتی "دیبەیت" و کاتی بڵاوکردنەوەی پرۆگرامی بەربژارانی دوانزەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێڕان لە کەناڵە جیاجیاکانی ڕادیۆ تەلەفزیۆنی ئەم وڵاتە بەئامادەبوونی نوینەرەکانیان بەڕێوە چوو .

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، لەو ڕێوڕەسمەدا کە دوێشەو(یەکشەممە) ڕاستەوخۆ لەکەناڵی یەکەمی تەلەفزیۆن، کەناڵی خەبەر و ڕادیۆ ئێران، بڵاو کرایەوە، کات و ڕۆژی بڵاوکرانەوەی بەرنامەکانی شەش بەربژاری سەرۆک کۆماریی لە کەناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بریتی لە بەرنامەو پرۆگرامی ڕاستەوخۆ و تۆمارکراو، دیاری کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، پرۆگرامی بەربژاران لە٢٦ی ئاڤریلەوە هەتا١٧ی مای(٦ هەتا ٢٧ی گوڵان) لەشاشەی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن بڵاو دەکرێتەوە.

سێ دیبەیت و مونازەرەی ڕاستەوخۆی شەش کەسەکەش رۆژانی٢٨ی ئاڤریل، پێنجەم و ١٢ی مای لە بەشە کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسییەکان بەڕێوە دەچێ.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، بۆ هەر بەربژارێکی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی بەشێوەی تایبەت، ٥٥٥ خولەک بەرنامەی ڕادیۆیی و ٥٥٥ خولەک بەرنامەی تەلەفزیۆنی لەبەرچاو گیراوە.

هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی کاتی بەڕێوەچوونی سێ مونازەرەی شەش کەسیی بۆ هەر بەربژار، کاتی تەرخان کراو بۆ هەر بەربژاری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە١١١٠ بۆ١٤٧٠خولەک زیاد دەکات.

عەبدولعەلی عەلی عەسکەری بەرپرسی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران لەو ڕێوڕەسمەدا لە وتاردانێکی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە سیاسەت و شێوازی میدیای نەتەوەیی لە هەڵبژاردنەکان، بێلایەنی و دادگەریی میدیاییە، وتی: ئە ڕێکخراوە ئەو پەڕی توانای دەخاتەگەڕ بۆ ئاشناکردنی گەلی ئێران لەگەڵ بەربژارانی سەرۆک کۆماری.

حوجەتولئیسلام وەلموسلمین محەممەد جەعفەر مونتەزەری دادئەستێنی گشتیی ئێرانیش لەو ڕێوڕەسمەدا وتی: گرینگایەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەوەدایە کە خەڵکی ئێران دەیانەوێ باڵاترین بەڕێوەبەری کاروباری وڵاتەکەیان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵبژێرن.

مونتەزەری وێڕای ڕاسپاردنی بەربژارانی هەڵبژاردنەکان بە لەبەرچاوگرتنی یاساو پرەنسیپی ئەخلاقی ئیسلامی لەهەڵبژاردنەکاندا، وتی: چاوەڕوانی ئەوە لەهەموو بەربژاران دەکرێ کە لەگشت پرۆگرام و بەرنامەی جیاجیای خۆیاندا، چەند خاڵێک کە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەی پێداون، لەبەرچاویان بگرن. بەپێی ڕاگەیێندراوی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران، سەید مستەفا ئاقا میرسەلیم، ئیسحاق جەهانگیری کوشایی، حەسەن ڕۆحانی، سەید ئیبراهیم رەئیسی ساداتی، محەممەدباقری قالیباف، و سەید مستەفا هاشمی تەبا ، شەش بەربژاری هەڵبژاردنەکانی دوانزەیەمین خولی سەرۆک کۆماری ئێرانن کە شیاوەتیان پشت ڕاست کراوەتەوە.

٢٩ی گوڵان(١٩ی مای) هەڵبژاردنەکانی دوانزەیەمین خولی سەرۆک کۆماریی هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێنجەمین خولی شۆرای ئیسلامی شار و لادێکان لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوە دەچێ.

سەرپەیڤ