نیسان 18, 2018 12:16 Asia/Tehran
  • 29 ی خاکەلێوە، ڕۆژی ئەرتەش؛ وەبیرهێنەرەوەی دەسەڵات و خۆڕاگریی گەلی ئێرانە لە بەرامبەر دەسدرێژکاراندا

29ی خاکەلێوە وەکوو ڕۆژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناودێر کراوە. ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی یەکێک لە ڕووداوە گەورەکانی پاش سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامییە.

ناودێر کردنی 29ی خاکەلێوە بەناوی ڕۆژی ئەرتەش یەکێک لە داهێنانەکانی ئیمام خومەینی (ره) بوو ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی گەلێک پیلانی دەرەکی و نێوخۆیی ببووەوە.

پاش سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا کەوا دوژمنانی ئینقلاب، بانگەوازی وەیشوومە و پڕمەترسیی هەڵوەشانەوەی ئەرتەشیان بەرز کردبووەوە و ئەرتەش لە هەستیارترین هەلومەرجی خۆیدا بوو، ئیمام خومەینی (ره) وەکوو گەورەترین پاڵپشتی ئەرتەش هاتە گۆڕەپان و پیلانی دوژمنانی ئینقلابی پووچەڵ کردەوە و لە برووسکەیێکی بەبڕشتانەدا، پێویستی پاراستنی ئەرتەشی ڕاگەیاند و لە پێناو یەکیەتی و یەکپارچەیی ئەرتەش، فەرمانێکی مێژوویی و گرینگی دەرکرد و 29ی خاکەلێوەی بە ڕۆژی ئەرتەش ناودێر کرد.

ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردەمی شەڕی داسەپاودا لەوپەڕی دەسەڵاتەوە لەبەرامبەر دوژمنان ڕاوەستا و بە دەسدرێژکاران و ئەوانەی خولیای لەنێوبردنی ئێرانیان هەبوو، نیشانی دا کە تەنانەت بۆ ساتێکیش گومان ناکات لە وڵامدانەوە بە دەسدرێژکاران.

ئەرتەش بە پاڵدانەوە لەسەر ئەزموونی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆز و بە بوونی بارستای گەورەی بەرگریکاری، لەوپەڕی ئامادەیی دا ئەتوانێ بەرگری بکات لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەکوو هێزێکی پێشگر، تەنانەت دوژمنانی وڵات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش لە نێو دەبات.بە گوێرەی دەستوور و یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی  و بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە دەسدرێژکاریی سەربازی لە دژی سەربەخۆیی، یەکپارچەیی و بەرژەوەندییەکانی وڵات، ئەرکی ئەرتەشە!

هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمڕۆکە وێڕای ئەوەی مایەی هێمنایەتی و ئاسایشی ئێرانن، بۆ وڵاتانی ناوچەکەش بوونەتە مایەی هێوری. ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونەیێکی زەقن لە ئەرتەشێکی پڕدەسەڵات و هێزێکی چەکداری ئاشتیخواز لە ناوچەکەدا.کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام ڕایگەیاندووە کە بەهێز کردنی هێزە چەکدارەکان لە باری توانی بەرگریکارییەوە، تەنیا بە مەبەستی بەرەڤانی لە وڵاتەکەی بووە و هەرگیز لە دژی وڵاتێکی دیکە و بۆ دەسدرێژی دەکاری ناهێنێ.

هەڵمەتی یارمەتی گەیاندن و خۆشەویستی نواندن بەرامبەر بە خەڵک لە کاتی ڕوودانی کارەساتە سرووشتییەکان وەکوو لافاو، بومەلەرزە یاخود لە بەفر و سەرما و سەهۆڵ و ئاوربەربووندا و هەروەتر لە بواری ڕاگەیشتنی تەندرووستیانە و یارمەتیدانی خەڵک لایەنێکی دیکەیە لە بەرەکەتی بوژانەوەی ئەرتەش.

جێژنی نیشتمانیی 29ی خاکەلێوە، ڕۆژی ئەرتەش پیرۆز دەکەین لە هەموو هاووڵاتیانی ئازیز، هێزە چەکدارەکان و هەموو خەباتگێڕە دڵیرەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرپەیڤ