نیسان 21, 2018 18:09 Asia/Tehran
  • چاوپێکەوتنی دی میستورا لەگەڵ جابری ئەنساری لەتاران

ستێفان دی میستورا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لەتاران چاوی کەوت بە حوسێن جابری ئەنساری یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لەبارەی دواگۆڕانکارییەکانی سووریا.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن، جابری ئەنساری پاش ئەو چاوپێکەوتنە لەنێو پەیامنێراندا جەختی کرد؛ ڕێکاری قەیرانی سووریا، قەبووڵکردنی ئیرادەی جەماوەری ئەو وڵاتەیە.

یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی وتی: کاری تایبەتی لایەنە بیانییەکان کە لەهەوڵی چارەسەریی سیاسی قەیرانی سووریادان، ئاسانکردنی بڕیاردانی سوورییەکان سەبارەت بە داهاتووی وڵاتەکەیانە.

جابری ئەنساری وتیشی: هەوڵە هاوبەشەکان لەڕەوتی ئاستانە، سوچی و ژنێڤ کاتێک دەتوانێ سەرکەوتوو بێ کە ڕەوتی بڕیاردانی خەڵکی سوریا بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە ئاوەڵا و بوارەکەی خۆش بکات.

یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سیاسی وتی: یەکێک لەئامانجی هاوبەشی هەموومان لەهەوڵدانەکان و دەسپێشخەرییەکاندا دەبێ پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نیشتمانیی سووریا بێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یەک لە وڵاتانی کارتێکەری ناوچە هەردەم لەهەوڵی چارەسەریی قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەوان قەیرانی سووریا لەڕێی وتووێژ و سیاسی بووە.

هەرلەوئاراستەدا، دانوستانەکانی ئاستانە لەژانڤییەی٢٠١٧ـەوە لەسەر دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوکاریی ڕووسیاو تورکیا، بەئامانجی چەسپاندنی ئاشتی لە سووریا دەس پێ بووە.

قەیران لە سوریا لەساڵی٢٠١١ـەوە بەهێرشی بەرفراوانی گرووپە ڕەشەکوژەکانی جێی داکۆکیی عەرەبستان، ئەمریکاو هاوپەیمانانی بۆ گۆڕینی هاوکێشە ناوچەییەکان بەقازانجی رژیمی زایۆنیستی دەس پێ کرا.

سەرپەیڤ