May 23, 2018 23:08 Asia/Tehran
  • شەمخانی: ئەمریکا ناوێرێ پەلاماری ئێران بدات

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بایکۆتە ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ئێران شکست دێنێ، پێی داگرت: ئەمریکا ناوێرێ پەلاماری ئێران بدات.

عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەر لە بارەی دەست درێژکاریی سەربازیی ئەم دواییەی ڕزێمی زایونی بۆ سەر سووریا کە وەڵامدانەوەی دیمەشقی بەدواوە بوو، وتی: ڕژێمی زایونی پەیامێکی ئاشکرای وەرگرت و ئەویش ئەمە بوو کە ھەر دەست درێژکارییەک بۆ سەر سووریا بە کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆو دەست و برد وەڵام دەدرێتەوە.

عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران،  بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بەرنامەی موشەکیانەی ئێران دانوستانی ھەڵناگرێت، وتیشی: ئێران نەک ھەر بە ھیچ شێوازێک لە بارەی بەرنامەی موشەکیانەی خۆیەوە لەگەڵ کەسدا دانوستان ناکات، بەڵکو لە سەر بەھێز کردنی تواناییە موشەکییەکانیشی بەردەوام دەبێت.

عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران، وێڕای ئاماژە کردن بە پشتگڕیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاقمەکانی خۆڕاگری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا،پێی داگرت: ئێران پشتیوانیی خۆی لە بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس)، بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەلەستین، حیزبوڵڵای لوبنان و تەوەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا بەردەوام دەکات.

عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران، لە بارەی ڕەوشتی یەمەن و کارشکێنییەکانی عەرەبستان لەمەڕ چارەسەر کردنی قەیرانی ئەو وڵاتە، بە ڕاشکاوی وتی: بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە گەڵاڵەی ئەورووپا بۆ ئاگربڕ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز پێشوازیی کردو کەچی عەرەبستان ئەو گەڵاڵەیەی ڕەت کردەوە.

عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران، سەبارەت بە پەیوەندیی تاران لەگەڵ ڕیازیش وتی: ئێران ئامادەی دەست پێکردنی دانوستانێکی ئەرێنی و ژیرانەیە لەگەڵ عەرەبستاندا بەبێ ھیچ جۆرە پێش مەرجێک.

سەرپەیڤ