حوزه‌یران 24, 2018 19:32 Asia/Tehran
  • سەرلەشکر سەفەوی: ئەمریکا خەریکە ھاوپەیمانەکانی لە دەست دەدا

دەستیارو ڕاوێژکاری باڵای سەرکردەی مەزنی تێکڕای ھێزە چەکدارەکانی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئەمریکا خەریکە ھاوپەیمانەکانی لە دەست دەدات، ڕایگەیاندووە: ئەمریکا لە ڕووی دەستەڵاتی سەربازی ، ئابووری و کلتووریشەوە، خەریکی ئاوا بوونە .

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ھەواڵدەریی میھر، سەرداری سەرلەشکر سەیید یەحیا ڕەحیم سەفەوی دەستیارو ڕاوێژکاری باڵای سەرکردەی مەزنی تێکڕای ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە دەربڕینی ئەمەی کە بە دەگمەن ناوچەیەکی گرینگتر لە ڕۆژئاوا دەست دەکەوێت کە ھێزە ناوچەییەکان بۆ ڕەگ داکوتان لەوێ دا پێکەوە ململانێیان نەکرد بێت، وتیشی: ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا ھەتا دوانزە ساڵی داھاتوو پڕکێشەترین ناوچەی جیھان دەبێت و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وەک ھێزێکی ناوچەیی لە بواری ئابووری ، سیاسی و کلتووری  ڕۆڵی تیادا دەگێڕێت.

سەرداری سەرلەشکر سەیید یەحیا ڕەحیم سەفەوی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ھیچ بابەتێک لە ناوچەکەدا بەبێ بەشداریی ئێران چارەسەر نابێت، وتیشی: ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریادا شکستیان ھێناو لە بەرامبەردا ھاوپەیمانیی ئێران، ڕووسیا و سووریاو حیزبوڵڵا سەرکەوتن.

ڕاوێژکاری باڵای سەرکردەی مەزنی تێکڕای ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتیشی: حیزبوڵڵای لوبنان بە تەنیایی ھەشتاھەزار موشەکی ھەیە کە ئەمەش دەربڕی پێشکەوتن و دەستەڵاتیەتی و دیارە ئاوا دەستەڵاتێکیش بۆ زایونییەکان مۆتەکەیەکی ھەمیشەییە.

ناوبراو وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئەمڕۆکە بیروڕای گشتیی عەرەبستان و میسر سروشبەخشی موسڵمانان نییە، وتیشی: بیروڕای ئیمام خومەینی(رە) و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی سەرمەشق و سروشبەخشی موسڵمانانی جیھانە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ھێماو سەرچەشنێک بۆ تەواوی موسڵمانانی جیھان دێتە ئەژمار.

 

 

سەرپەیڤ