ته‌مووز 19, 2018 19:23 Asia/Tehran
  • نوێنەری پوتین: داسەپێندرانی بایکۆتی یەک لایەنە بە سەر ئێراندا لەگەڵ ڕێککەوتنەکانی ناڤۆکی یەک ناگرێتەوە

نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە دیدار لەگەڵ جێگری سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران ، وتی:داسەپێندرانی بایکۆتی یەک لایەنە بە سەر ئێراندا لەگەڵ ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی ناڤۆکی (بەرجام) یەک ناگرێتەوە .

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، (ئلیێکساندێر لاڤرنتییەف)نوێنەری تایبەتیی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی پێنج شەممە لە دیدار لەگەڵ سەعید ئیرەوانی جێگری سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران وتی: سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە وتووێژەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەسەر نەگونجاوو زیانبار بوونی ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکییەوە پێی داگرت .

(ئلیێکساندێر لاڤرنتییەف) ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە بەردەوامیی ھاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا وتی: ویست و ھۆگریی دەوڵەتی ڕووسیا بۆ بەردەوام کردنی ھاوکاریی ھاوبەش لە خەباتی دژی تیرۆریزم ھیچ کەلێنێکی تێ نەکەوتووە و ئەم ڕێبازە ھەتا چەسپێندرانی تۆکمەوتەواوی ئاسایشت لە سووریا بەردەوام دەبێت.

سەعید ئیرەوانی جێگری سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێرانیش وتی: ھەڵوێستی بنەمایی و لێبڕاوانەی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە ھەمبەر پەیمان شکاندنەکانی ئەمریکا نیشانەی پێبەند بوونی مۆسکۆ بە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و پەیڕەو کردنی لۆژیکی دانوستان بۆ چارەسەریی گرفتە سیاسی و ئاسایشتییەکانە.

ئیرەوانی وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی ڕاپۆرتە بەردەوامەکانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی پێبەندی تەواوی بەڵێنەکانی بووە لە بارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامەوەو لەو باوەڕەش دایە کە بەردەوام کرانی ئەم ڕەوتە پێویستمەندی دابین کرانی مافی یاسایی ئێران و ڕاپەڕێندرانی ئەو بەڵێنانەیە کە لە لایەن وڵاتانی دیکەی ڕێککەوتنەکەوە بە ئەستۆ گیراوە.

جێگری سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە ئاڵ و گۆڕەکانی ئەم دواییە لە سووریاش وتی: ڕۆڵگێڕانی نەرێنیی ڕژێمی زایونی ھیچ شوێنێک لە سەر ھاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا دانانێت و ھەردووک وڵات لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی ئێستایان لە سەر بەھێز کردنی ھێزە چەکدارەکانی سووریا لە خەباتی دژی تیرۆریزم بەردەوام دەبن.

ڤلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیاو داناڵدترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ژولای لە ھێلسینکیی پێتەختی فەنلاند چاویان بە یەکتر کەوت و سەبارەت بە پەیوەندییە دوو لایەنەکان و پرسەکانی جیھان پێکەوە وتووێژیان کرد.

سەرپەیڤ