ئه‌یلوول 24, 2018 20:51 Asia/Tehran
  • رۆحانی: بێ بەش کردنی ئێران لە فرۆشی نەوت پراکتیکی نییە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ بێ بەش کردنی ئێران لە فرۆشی نەوت، پێی داگرت: ئامانجێک کە ئەمریکییەکان بۆ بێ بەش کردنی ئێران لە فرۆشتنی نەوت دیاریان کردووە، نەک هەر ناچێتە قۆناخی جێ بەجێ کران بەڵکوو زۆر مەترسیداریشە.

"حەسەن ڕۆحانی" ئەمڕۆ دووشەممە لەدیداری ژمارێک لە بەڕێوەبەرانی باڵای میدیا ئەمریکییەکان لە نیۆیۆرک، بەئاماژە بەوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەبێ کردە زۆر ناراستەکانی لەدژ گەلی ئێران بگۆڕێ، وتی: ترامپ بێ هۆ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چووە دەر و گەلی ئێرانی بێ هیچ هۆیەک بایکۆت کردووەو هەڕەشەی لێ کردووەو دەسوەردانی کاروباری ناوخۆی ئێرانیش دەکا بۆیە دەبێ پێش هەر باس و خواسێک ئەو کردە نادروستانەی قەرەبوو بکاتەوە.

رۆحانی وتیشی: بایکۆت کردنی خەڵکی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، نایاسایی وزاڵمانەیەو ئەو بایکۆت کردنە کاریگەرە لەسەر داوەریی گەلی ئێران لەبارەی حکومەتی ئەمریکاو بێ هۆ نییە کە لە خۆپێشاندانە ملوێن کەسییەکان، دروشمی خەڵکی ئێران لەدژ حکومەتەکەی توندتر لەهەرکاتێکی دیکە بووە.

ناوبراو بەئاماژە بە پێشنیاری ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، پێی داگرت: ئەگەر ڕۆژێک ئەمریکا ڕاست بێژانە لەهەوڵی قەرەبوو کردنەوەو چاک کردنەوەی بارودۆخدا بێ، ئەوکات ئێران لەبارەی دانوستان بڕیار دەدا.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە دەور و ڕۆڵی ژمارێک وڵات لەپەلامارە تیرۆریستییەکەی شاری ئەهواز(باشووری رۆژاوای ئێران) یش وتی: ئەمریکییەکان لە دەسپێکی شۆڕشی ئیسلامییەوە تائێستا داکۆکی و پاڵپشتی ژمارێکی زۆری گرووپە تیرۆریستییە دژەئێرانییەکانی کردووە.

رۆحانی هەروەها بەئاماژە بەڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سوریا وتی: ئامادەبوونی ڕاوێژکاریی ئێران لە سوریا، یاسایی و لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمەو لەبەرامبەردا، کردەکانی رژیمی ئیسرائیل لە سوریا، بارودۆخی ناوچە ئاڵۆزتر دەکا.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەشی کرد بە قەیرانی یەمەن و وتی: تەنیا ڕێگاچارەی قەیرانی یەمەن، کۆتایی هێنان بە کوشت و بڕ وپەلاماردانی خەڵکی بێتاوان و کرانەوەی دەرگای وتووێژ لەنێوان تاقم ولایەنە یەمەنییەکانە.

سەرپەیڤ