تشرینی دووه‌م 20, 2018 09:20 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: دەوڵەت بە یارمەتیی جەماوەر هەوڵ دەدات بۆ پێشکەوتنی ئێران

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ بەرنامەکانی دەوڵەتی بە سەرچاوەگرتوو لە پێداویستیی خەڵک زانی و وتی: دەوڵەت بە یارمەتیی خەڵک، هەوڵ دەدات بۆ سەر بەرزی و پێشکەوتنی ئێران.

"حەسەن ڕۆحانی" شەوەی سێشەممە لە کۆڕی بلیمەتانی ئابووری، زانستی، کولتووری، سیاسی و ئایینیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوادا وتی: ئەمڕۆکە تەنیا ڕۆژی تاقی کرانەوەی دەوڵەت نییە، بەڵکوو ڕۆژی تاقی کرانەوەی گەلی ئێرانیشە و هیوادارین بە پشت بەستن بە خوای گەورە و کەڵک وەرگرتن لە ڕێنیونییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، لەو تاقیکارییە مێژووییە بە سەربەرزی دەرباز ببین.

سەرۆک کۆمار باروودۆخی ئێستای ئێرانی بە هەلێک زانی بۆ جەماوەری بۆ ئەوەی هەڕەشەکان بکەنە دەرفەتی گەشانەوە و وتیشی: لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوادا، توانا و پوتانسییەلی پێویست بۆ گەشانەوە و ڕەونەق پێدانی هەناردە لە ئارادایە و دەبێ پێوەندیی باشی ئێران لەگەڵ وڵاتانی داروسێ بەتایبەت دراوسێکانی هاوسنووری ئازەربایجانی ڕۆژاوا بکرێ بە دەرفەتێک بۆ ڕەونەق پێدرانی پارێزگا و هەر هەموو ئێران.

ڕۆحانی بە ئاماژە بە سەفەری ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری ئێراق بۆ تاران وتی: ئێراق هۆگرییەکی زۆری هەیە بۆ دانانی ناوچەی ئازادی بازرگانی و ئابووریی هاوبەش لەگەڵ ئێران و دوو وڵات هەوڵ دەدەن ئاستی ئاڵ و وێڕی بازرگانیان لە ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵ بەرز بکەنەوە.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە پێوەندیی کۆنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک ئێراق، تورکیا و کۆماری ئازەربایجان وتی؛ پێوەندیی ئێران و داروسێکانی تایبەت بە ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و خاڵی هاوبەشی ئایینی، نەتەوەیی و زمانی ، چارەنووسی گەلانی ناوچەی پێکەوە گرێ داوە.

ئەو بە ئاماژە بە ژێرخانە تەکنیکییەکان و هێزی مرۆیی پسپۆڕ و لێهاتوو لە بواری تەندرووستی و دەرمانی ئێراندا ، ئەو بوارەی بە هەلێکی باش زانی بۆ پەرەپێدرانی گەشتیاریی تەندرووستی لە ناوچە و جیهان.

لە سەرەتای کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار لەگەڵ بلیمەتانی پاریزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، ژمارێک لە هەڵکەوتەکانی ئابووری، زانستی، کولتووری و سیاسیی ئەم پاریزگایە باسی کێشە و گرفتەکانی بواری چالاکیی خۆیان کرد.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە بۆ خستنەگەڕی ١٠ی پرۆژەی ئاوەدان کردنەوە  و ئابووریی  و دەست بە کار کردنی دوو پرۆژەی  ژێرخانی سەردانی ئازەربایجانی ڕۆژاوای کردووە.

سەرپەیڤ