ئادار 26, 2019 08:56 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە چوارەمین ساڵگەڕی دەست درێژکاریی ھێزەکانی بیانی بۆ سەر یەمەن

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە ساڵگەڕی دەست پێ بوونی ھێرشی ھێزەکانی ھاوپەیمان بە سەرکردایەتیی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن، ئەم دەست درێژکارییە ئاشکرایەی ئیدانەکردو خوازیاری کۆتایی ھاتن بەم شەڕو خوێنڕشتنە لە یەمەن دا بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵگەڕی دەست پێ بوونی ھێرشی ھێزەکانی ھاوپەیمان بە سەرکردایەتیی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن،بەیاننامەیەکی دەرکردو تیای دا ئەم دەست درێژکارییە ئاشکرایەی ئیدانەکردو خوازیاری کۆتایی ھاتن بەم شەڕو خوێنڕشتنە لە یەمەن دا بوو.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا ھاتووە: وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ھەل و مەرجێکدا کە چوار ساڵ بە سەر دەست درێژکاری و شەڕی بێ ئاکامی دژی جەماوەری یەمەن تێ دەپەڕێت، بە پێی دان پیادانانی کاربەدەستان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، پتر لە ٢٤ ملوێن یەمەنیی پێویستیان بە یارمەتی و فریاکەوتنەو پتر لە ١٥ ملوێنیش تووشی باری خراپی خواردن ھاتوون.

ھەروەھا لە بەیاننامەکەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا ڕاشکاوانە باسی ئەوە کراوە کە: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەی سیاسەتی بنەمایی خۆی دا لەمەڕ دۆزینەوەی ڕێکارێکی سیاسی بۆ چارەسەریی قەیرانەکەی یەمەن، پشتگریی خۆی لە ھەر چەشنە ئاگربڕێکی تۆکمەوتەواوو ھەمەلایەنە و ھەڵگیرانی گەمارۆکانی ستەمکارانەی ئابووری و مرۆڤیی سەر خەڵکی یەمەن و لێک گەییشتنی سیاسیانەی نێوان تەواوی کۆتلە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە ڕادەگەیەنێت و کۆمەڵگای جیھانییش بۆ پشتیوانی کردن لە ھەوڵی کەم کردنەوەی مینەتی و کوێرەوەرییەکانی خەڵکی یەمەن و بە تایبەت ژن و منداڵانی ئەو وڵاتە بانگێشتن دەکات.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

دەست درێژکاریی سەربازیی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورت و ھەژاری یەمەنی لەگەڵ کەم بوونی لەڕادە بەدەری خۆراک و دەرماندا بەرەوڕوو کردووەتەوە.جێگای ئاماژەیە ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتا ئێستا لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن نەیانتوانیوە لەم وڵاتەدا بە ئامانجەکانیان لەوانە ھێنانە سەر دەستەڵاتی دەستنیاکانی خۆیان بگەن.

سەرپەیڤ