حوزه‌یران 13, 2019 10:09 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئێران پێشوازی دەکات لە پەرە سەندنی پێوەندییەکانی لەگەڵ ژاپۆن

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: هۆگری ژاپۆن بە سەرمایەنانەوە لە ناوچەکانی باشووری ئێران دەبێتە دەستەبەرییەک بۆ پەرەسەندنی زیاتری پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات.

"حەسەن ڕۆحانی" شەوی ڕابردوو لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ " ئابێ شینزۆ"ی سەرۆک وزیرانی ژاپۆن لە تاراندا وتیشی: پێوەندییەکانی ئێران و  ژاپۆن خاوەنی پێشینەیەکی مێژووییە و ئەمساڵ لە راستیدا نەوەدەمین ساڵوەگەڕی دەسپێبوونی پێوەندییەکانی دوو وڵاتە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران راشیگەیاند: ئێران پێشوازی دەکات لەوەی کە دەوڵەتی ژاپۆن و سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە سوور و پێداگرن لە سەر پەرە پێدانی پێوەندییە سیاسی، ئابووری و  ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان.

ڕۆحانی وتیشی: سەبارەت بە سەرمایەنانەوەی ژاپۆن لە قەراخ ئاوەکانی چابەهار و مەکران لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە وتووێژ کرا و هەروەها ژاپۆن هۆگری کڕینی نەوت لە ئێرانە.

ڕۆحانی ڕاشکاوانە رایگەیاند کە لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن جگە لە پرس و بابەتی دڵخوازی دوو لایەن، سەبارەت بە ئاسایش و نەهێشتنی کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچەکەیش وتووێژ کراوە.

سەرۆک کۆماری ئێران پێی داگرت کە  ئێران دەسپێکەری هیچ شەڕێک لەگەڵ هیچ وڵاتێک نابێ، بەڵام وەڵامێکی گورچکبڕ دەداتەوە بە هەر دەسدرێژکارێک.

ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشبینە، وتیشی: ئێران خۆشحاڵ و سپاسبژێرە بەرامبەر بە بەردەوام بوونی پشتیوانییەکانی ژاپۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و تێگەیشتن لە گرینگایەتیی ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان.

" شینزۆ ئابێ" سەرۆک وەزیرانی ژاپۆنیش وتی: هاوکارییەکانی ژاپۆن و ئێران وەکوو وڵاتانێکی  کۆن و مێژوویی و وڵاتانی  گەورەی کولتوری لە ڕێگای هەست و نەستی جەماوەری دوو وڵات بەردەوام درێژەی هەبووە.

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە کەم کردنەوەی کێشە و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین یەکێک لە ئاواتەکانی ئەم وڵاتەیە، راشکاوانە رایگەیاند کە بە چڕ کردنەوە لە سەر ئەم خاڵە سەردانی ئێرانی کردووە.

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بە ئاماژە بەوەی کە ئایینی ئیسلام، ئایینی ئاشتی و پێکەوە ساچانە ڕایگەیاند کە بەردەوام وەبن کاریگەریی مەعنەوییەتی ئیسلام کەوتووە و ڕێزێکی زۆر دادەنێ بۆ ڕێبەری باڵای ئێران کە پێداگری دەکات لە سەر ئەوەی کە چەکی کۆکوژ لەوان چەکی ئەتۆمی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە حەرامە.

سەرپەیڤ