ته‌مووز 18, 2019 13:19 Asia/Tehran
  • زەریف: تیرۆریزمی ئابووریی ئەمریکا دژی گەلی ئێران دەبێ ڕاگیردرێت

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران «شەڕی ئابووری»ی ئەمریکا دژی گەلی ئێرانی بە ھەنگاوێکی تیرۆریستی زانی و پێی داگرت: ئەم کارە دەبێ ڕابگیردرێت.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەشداری کردن لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئابووری-کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ھەواڵدەریی « بلۆمبێرگ» وتیشی: ئێران مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکای بەجێ نەھێڵا، بەڵکو ئەمە ئەمریکییەکان بوون کە بەجێیان ھێڵاو بۆخۆشیان دەزانن کە دەبێ چۆن بگەڕێنەوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران  پێشی داگرت: تاران چاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی خولی سەرۆک کۆمارەتیی داناڵدترەمپ نییە،چونکو ھیچ وڵاتێک سیاسەتی خۆی لە سەر بنەمای فەکتەرگەلێک کە لە کۆنترۆڵی دا نییە، ھەڵناچنێت.

ناوبراو لە بارەی بانگەشەی ئەمریکییەکان سەبارەت بە نزیک بوونەوەی ئێران لە چێکردنی بۆمبای ناڤۆکیش وتی: ھەبوونی بۆمبای ناڤۆکی ئاسایشت دەستەبەر ناکات و ڕێبەری باڵای ئێرانیش بە دەرکردنی ئەو فەتوا ئایینییەی چێکردن و ڕاگرتنی ئاوا چەکێکی قەدەغە کردووە.

موحەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی ڕاگیرانی نەوتبەرەکەی ھەڵگری نەوتی ئێرانیش لە ڕێئاوی نێونەتەوەیی جەبەل تارقیش وتی: بریتانیا قەت مافی ڕاگرتنی نەوتبەرەکەی ھەڵگری نەوتی ئێرانی نەبووەو ئەمە کارە وەک جەردەیی دەریایی دێتە ئەژمار.

سەرپەیڤ