ئه‌یلوول 12, 2019 08:41 Asia/Tehran
  • جەھانگیری: ئیمامی حسەین(ع) تەوەرەی یەکگرتن و ھاوپشتیی ھەردووک نەتەوەی ئێران و عێراقە

جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، ئیمامی حسەین(ع) ، ئیمامی سێھەمی موسڵمانانی جیھانی وەک تەوەرەی یەکگرتن و ھاوپشتیی ھەردووک نەتەوەی ئێران و عێراق ناو برد.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی ئیرنا، «ئیسحاق جەھانگیری» جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی  ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «عادڵ عەبدولمەھدی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ستایشی دەوڵەتی ئەو وڵاتەی کرد لە بەر پێشوازی و میوانداری کردنی زیارەتکارانی تاسوعاو عاشورای حسەینی.

جەھانگیری وتیشی: تێگەییشتن لەمەی کە چلۆن لە ماوەیەکی کەم دا دەیان ملوێن کەس  لە ئەویندارانی ماڵباتی عیسمەت و تەھارەت لە ڕۆژانی تاسوعاو عاشوراو ئەربەعینی حسەینی لە عێراق دا لە دەوری یەک خڕ دەبنەوەو لەو پەڕی ھێوری و بەبێ گرفت ڕێ و ڕەسمەکانی ئەم بۆنەیە بەجێ دێنن بۆ وڵاتانی دیکە ئاسان نییە.

«ئیسحاق جەھانگیری» جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا بە بۆنەی شەھید بوونی کۆمەڵێک لە تازیەدارانی حسەینیی لە ڕووداوەکەی ئەم دواییەی شاری کەربەلا سەرەخۆشیی خۆی ڕاگەیاند.

ڕۆژی سێ شەممە لە بەر قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆی حەشیمەت لە ڕێ و ڕەسمی عاشورای حسەینی لە کەربەلای موعەللادا پتر لە ٣٠ زیارەتکار گیانیان لەدەست داو ١٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

«عادڵ عەبدولمەھدی» سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و نەتەوەی ئێران و عێراق گەلێک قوڵ و دۆستانەیە، پێی داگرت: ڕێککەوتنەکانی نێوان دوو وڵات بە شێوەیەکی لەبار خەریکە جێبەجێ دەکرێت و بەوپەڕی شێلگیری و بە خواستی ئەرێنیی کاربەدەستانی ھەردووک لا، ھاوکارییە دوو قۆڵییەکان زیاتر لە ھەر کاتێکی دیکە پەرە دەستێنن.