تشرینی یه‌که‌م 13, 2019 10:54 Asia/Tehran
  • وەلایەتی: هاوکاریی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سووریا درێژەی دەبێ

راوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە کاروباری نێودەوڵەتی وتی سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بنەمای داکۆکی لە گەل و دەوڵەتی سووریایە و دەبێ هاوکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و تەندڕەوی هەتا تیاچوون و بنەبڕ بوونی یەکجارییان بەردەوام بێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەلی ئەکبەر ولایەتی" راوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە کاروباری نێودەوڵەتی ڕۆژی شەممە لە دیداری "عەدنان حەسەن مەحموود" باڵویزی سووریا لە تاران بە پێداگری لەسەر پێویستیی پارێزرانی یەکپارچەیی خاکی سووریا وتیشی: خەڵکی سووریا بە هەر هۆز و نەتەوەیەک وەکوو ئۆمەتێکی یەکگرتوو بەرگری لە وڵاتەکەیان دەکەن.

وەلایەتی بە پێداگری لەسەر دەوری سووریا لە بەرەی خۆڕاگری وتیشی: سووریا زیاتر لە هەر کات و ساتی دیکە توانای بەرپەرچ دانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی هەیە.

باڵوێزی سووریا لە تارانیش بە ڕێز گرتن لە هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی ئێران لە مەڕ داکۆکی لە گەل و دەوڵەتی سووریا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچە و هەروەها ڕووداوەکانی ئەمدواییە ئاراستە کرد.

عەدنان حەسەن مەحموود ،هەروەها بە وەبەر ڕەخنە دانی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر سووریا ئەو جم و جۆڵەی بە بنپێکەری یاسا و ڕێسا و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان زانی.

سوپای تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممەوە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و "پاکتاو کردنی سنووری سووریا و تورکیا" لە بوونی ملیشیا کوردەکان کە ئانکارا بە تیرۆریستیان دەزانێ، هێرشی کردۆتە سەر باکووری سووریا.

"فواد ئۆکتای" جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی چوارشەممە پاش دەسپێبوونی فەرمیی ئۆپەراسیۆنی بە ناو "کانیاوی ئاشتی" بانگەشەی کرد؛ ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا، گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ سووریایە. 

شایانی باسە ئەو ئۆپەراسیۆنە بە چرای سەوزی دەوڵەتی ئەمریکا دەست پێ بوو.

ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا بەرەوڕووی ئیدانەی بەربڵاوی نێودەوڵەدتی بۆتەوە. کاربەدەستانی سووریا پێداگریان کردووە سووریا بەرگری دەکات لە مافی یەکپارچەیی  و سەروەریی نیشتمانیی خۆی.

 

سەرپەیڤ