تشرینی دووه‌م 11, 2019 15:43 Asia/Tehran
  • رۆحانی : توانای ناڤۆکیی ئێران لەباشترین حاڵەت دایە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە پێشکەوتنەکانی وڵات لەبواری زانستی ناڤۆکی، وتی: ئەمڕۆ ئێران لەبواری توانای ناڤۆکی، لەباشترین هەلومەرجدایە لەچاو هەر کاتێکی دیکە.

"حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە لەنێو ئاپۆرەی خەڵکی ڕەفسەنجان پارێزگای کرمان(باشوری ئێران) وتی: لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، ئۆپراسیۆنی توێژینەوەو گەشەپێدان لەبواری وزەی ناڤۆکی لەئێران درێژەی هەیەو ئەمڕۆ، جۆراوجۆریی سەنتریفیوژە چالاکەکانی وڵات لە پێنج جۆر بۆ پانزە جۆر زیادی کردووە.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە هیچ لەمپەرێک نییە لەبەردەم ئێراندا بۆ درێژەدان بە توێژینەوە و گەشەپێدان لەبواری زانستی ناڤۆکیدا، وتی: ئێران بەوپەڕی توانای لەهەمبەر دوژمناندا ڕادەوەستێ و قەت پێملی زۆربێژیی ئەوان نابێ.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بە ئاماژه بەوەی کە بێتوو ڕێککەوتنی ناڤۆکی بپارێزرێ، ئێران لەساڵی داهاتوودا دەسکەوتێکی مەزنی ئاسایشی و بەرەڤانی بەدەست دێنێ، وتی: ئەگەر بەپێی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوەکان، ڕێککەوتنی ناڤۆکی پارێزراو بێ، ساڵی داهاتوو بایکۆتی چەکەمەنیی ئێران هەڵدەگیردرێ و ئێران دەتوانێ چەکەمەنی بکڕێ و هەناردەی هەبێ لەم بوارەدا.

رۆحانی ئاماژەشی کردە پەیمان شکێنی ڕۆژاواییەکان لەپەیوەندیی لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا و وتی: ئێران لەهەمبەر پەیمان شکێنی لایەنەکانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، هەنگاو بەهەنگاو بەڵێنیەکانی کەم کردەوە، کە ئەو کارە کارێکی شیاو بوو.

سەرپەیڤ