تشرینی دووه‌م 20, 2019 16:33 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئاژاوەچیانی ڕێکخراو، بەڕێوەبەری بەرنامەو پلانی دوژمنان دژ بەئێران بوون

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بە ڕووداوەکانی پاش جێ بەجێ کرانی گەڵاڵەی بەڕێوەبەرایەتی کردنی بەکارهێنانی سووتەمەنی لە وڵاتدا، وتی: ئاژاوەگێڕانی ڕێکخراو و چەکدار، بەڕێوەبەری پلانی کۆنەپەرستیی ناوچە، زایۆنی و ئەمریکییەکان لەدژ ئێراندا بوون.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی چوارشەممە لە کۆڕی ئەنجومەنی وەزیراندا بەئاماژە بەوەی کە خەڵکی ئێران لە ئەزموونێکی مێژوویی دیکە سەربەرز هاتنەدەر، وتی: ئەوانەی زەبر وەشاندن لەنیزامی کۆماری ئیسلامییان گەڵاڵەڕێژی کردبوو و لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە سەپاندنی بایکۆتی نوێ و گوشاری زۆرینە دەیانویست خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی نیزام بکەنەوە، بەهۆشیاریی خەڵکی ئێران جارێکی دیکە بێ ئاکام بوون.

رۆحانی وێڕای پەسندانی خەڵکی ئێران و وتەکانی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی وتی: ڕێبەری باڵای شۆڕش بە وتە ژیرانەکانی، بەتەواوەتی خەڵکی ئێرانی ڕێنمایی کرد و ڕاستییەکانی شیکردەوە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە ئەو سەرکەوتنە، سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ گەلی ئێران، وتی: کۆبوونەوە خۆڕسکەکانی خەڵکی ئێران لە شارە جیاجیاکان، دەسەڵات، هۆشیاری، یەکڕیزی و هاودەنگیی خەڵکی ئێران لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی پێشانی جیهان دا.

رۆحانی هەروەها وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ ئەو خێزانانەی کەس و کاریان لەڕووداوەکانی ئەم دواییە بەدەست ئاژاوەچیانەوە شەهید کراون، پێی داگرت لەسەر سزادرانی تێکدەرانی ئاسایشی نیشتمانی لە ئێران.

بەجێ بەجێ کرانی گەڵاڵەی زیادکرانی نرخی بەنزین لە ئێران لە سەرلەبەیانی رۆژی هەینیەوە، ناڕەزایەتی ئاشتیانەی خەڵک بەکەلک وەرگرتنی ناڕەوای ژمارێک هەرچی و پەرچی بەلاڕێدا چوو. حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی یەکشەممەی ڕابردوو لە دەرسی خاریجی فیقهی لەبارەی پرسە پێشهاتووەکانی دوای جێ بەجێ بوونی گەڵاڵەی بەڕێوەبەرایەتی بەکارهێنانی سوتەمەنی فەرمووی: بێگومان ژمارێک لە خەڵک نیگەرانی  ئەو بڕیاردانەن  ، بەڵام وێران کردن و ئاگردان و سوتاندن کاری خەڵک نییە، کاری ئاژاوەچی و کەسانی هەرچی و پەرچییە. 

سەرپەیڤ