کانونی دوھەم 28, 2020 07:32 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: پێوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا وێڕای زەخت و گوشارەکانی ئەمریکا ڕوو لە پەرەیە

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆی ڕوو لە پەرە و پێشکەوتنی زیاتر وەسف کرد و پێی داگرت: وێڕای زەخت و گوشارەکانی ئەمریکا، ئێران و ڕووسیا پێوەندییەکانی خۆیان زیاتر لە ڕابردوو پەرە پێ دەدەن.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی دووشەممە لە دیداری "ڤیچسلاو ڤۆلۆدین" Vyacheslav Volodin سەرۆکی دومای دەوڵەتیی ڕووسیا بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران خوازیاری پاوەجێی ناوچەکەیە، وتیشی: پێوەندیی سێ لایەنەی ئێران، ڕووسیا و چین و بەڕێوە بردنی مانۆڕی هاوبەش لە دەریای عومان بەو مانایە دەبێ کە سێ وڵات لێبڕاوانە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی پێوەندیی نزیکتر و پتەوتریان پێکەوە هەبێ.

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ئوراسیای بۆ تاران گەلێک گرینگ نرخاند.

سەرۆکی مەجلیسی دومای ڕووسیایش لەو دیدارەدا پێوەندیی باشی نێوان ئێران و ڕووسیای بە ئەنجامی بڕیارەکانی سەرۆک کۆمارانی دوو وڵات زانی و وتیشی: پەرلەمانی ڕووسیا بڕوای وایە کە بڕیارەکانی دەوڵەتانی دوو وڵات دەبێ جێبەجێ بکرێ تا پێوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا زیاتر لە ڕابردوو لە هەموو بوار و گۆڕەپانێکدا قووڵتر و پتەوتر ببێت.

"ڤیچسلاو ڤۆلۆدین" هەروەها بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی دووەم کۆمیسیۆنی باڵای هاوبەشی هاوکارییە پەرلەمانییەکانی نێوان مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران و دومای دەوڵەتیی ڕووسیا وتیشێ: پرسی گرینگ و سەرەکی لەو کۆمیسیۆنە، پەرە پێدانی پێوەندیی بازرگانی نێوان دوو وڵات بوو کە بە زیاتر بوونی دیدار و وکۆبوونەوەکان لەو بارەوە ، بێ گومان ئەنجام و دەسکەوتی باشتر دێتە ئاراوە.

سەرۆکی مەجلسی دومای ڕووسیا کە ڕۆژی دووشەممە لە سەروی شاندێکی پەرلەمانییەوە سەردانی تارانی کردووە، پێشتر لەگەڵ "عەلی لاریجانی" سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران دیداری کرد و لە دووەم کۆمیسیۆنی باڵای هاوبەشی هاوکاریی پەرلەمانیی دوو وڵات بەشداری کرد.

سەرپەیڤ