ئادار 30, 2020 07:49 Asia/Tehran
  • زەریف: ئەمریکا تیرۆریزمی تەندروستیی دژی ئێرانییەکان وەڕێ خستووە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە شەڕی ھەمەلایەنەو دەگمەنی ئەمریکا دژی گەلی ئێران، لە سەر ھەڵگیرانی بایکۆتە ڕەوشت نزمانەو نایاساییەکەی ئەمریکا پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە ھەژماری توییتێڕەکەی دا نووسی: لە جەنگەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمریکا لە بازنەی تێکدان و مرۆڤکوشتنیش ترازاوەو شەڕی ئابووری، تیرۆریزمی ئابووری و تیرۆریزمی تەندروستیی دژی ئێرانییەکان وەڕێ خستووە.

زەریف بە دەربڕینی ئەمەی کە ئاوا ھەنگاوێک لە لایەن ئەمریکاوە تەنانەت واوەتر لە کردارە ڕێگەپێدراوەکانی گۆڕەپانی شەڕیشە، ڕوو لە ھێندێک لە وڵاتان پێی داگرت: یارمەتیدانی ئەمریکا لە دڕندەکارییە جەنگییەکانی و پێڕەو کردنی بایکۆتە ڕەوشت نزمانەو نایاساییەکانی واشێنگتۆن ڕابگرن.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ماوەیەک لەمەوپێشیش لە نامەیەک دا بۆ«ئانتۆنیۆ گۆترێش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان  بە پێداگری لەسەر پێویستی هەڵگیرانی هەموو بایکۆتە یەکلایەنە و نایاساییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، راشکاوانە ڕایگەیاند بوو: سەرباری لێهاتوویی زانستیی سیستەمی تەندروستیی ئێران، بایکۆت و پێشمەرجەکانی ئەمریکا بۆ پێشگری بە فرۆشرانی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێرانی بەرەوڕووی لەمپەرێکی نالەبار کردووەتەوە.