وەزارەتی تەندوروستیی ئێران : زۆرتر لە بیست و چوار هەزار تووشبوو بە ڤایرووسی کرۆنا، چاک بوونەتەوە
وەزارەتی تەندوروستی، دەرمان و پەروەردەی پزیشکیی ئێران ڕایگەیاند: ڕەوتی چاکبوونەوەی نەخۆشان خێرا بووەتەوە و تائێستا بیست و چوار هەزار و دووسەت و سی و شەش کەس لەو کەسانەی کە لە ئێران تووشی کرۆنا ببوون، چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرکەوتوون.
کیانووش جەهانپوور سەروکی ناوەندی پێوەندی گشتی و ئاگاداری گەیاندنی وەزارەتی تەندوروستیی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێران بە ئاماژەدان بە تووشبوونی شەست هەزار و پێنشەد کەس بە ڤایرووسی کرۆنا لە ئێران وتی : بەگیان لەدەست دانی سەدوسی و شەش نەخۆشی تووشبوو بە کرۆنا لە شەو و ڕۆژی ڕابردوو، ژوماری کوژراوان لە ئێران گەیشتە سێ هەزار و حەوتسەد و سی و نۆ کەس .
هاوکات بە هۆی هەوڵی پێشگیرانە و دەرمانیی دەوڵەتی ئێران بە یارمەتی هێزە چەکدارەکان ڕەوتی پێزانینی زووترلەکات، دۆزینەوەی کەسانێک کە لەگەڵ نەخۆشێک پێوەندییان هەبووە، جیاکردنەوەی نەخۆشەکان و چارەسەرکرانی تووشبووان بە ڤایرووسی کرۆنا بە هاوکاری هەموو خەڵکی ئێران، خێرا خەریکە ئەنجام دەبێت .
ڤایرووسی کرۆنا کە ناوی ڕەسمییەکەی کۆڤیدی نۆزدەیە، کۆتایی ساڵی ڕابردووی زایینی لە شاری ڤووهانی چین ناسێندرا.
ئێستا هەموو وڵاتانی جیهان بەرەوڕووی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرووسی کرۆنان و ژوماری تووشبووان بەم ڤایرووسە کە بۆ زۆرتر لە یەک ملوێن و دووسەت و هەشتا و دوهەزار کەس لە سەرانسەری دونیا پەرەی سەندووە و زۆرتر لە حەفتا هەزار کەس لەو ژومارەیەش گیانیان لە دەست داوە وزۆرتر لە دووسەت و شەست و نۆ هەزار کەسیش چاک بوونەتەوەو لە نەخۆشخانە دەرکەوتوون.