May 29, 2020 02:25 Asia/Tehran
  • شەمخانی: ئاڵای ئێران لە سای بوێری و ئازایەتیی خەباتکارەکانی بە شەکاوەیی ماوەتەوە

سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ھەینی لە توییتێڕدا وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەی یەکێک لە مەلەوانەکانی نەوتبەرەکەی ئێران، ڕایگەیاند: ئەگەر ئاڵای ئێران ھەروا بە شەکاوەیی ماوەتەوە ئەمە بەرھەمی بوێری و ئازایەتیی ئەو خەباتکارانەیە کە نیازپاکانە لەخۆبردوویییان نواندووەو لە ھیچ دوژمنێک نەترساون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«عەلی شەمخانی» سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەم پەیامە توییتێڕییەی دا لە پاڵەوانانی ئێران کە جاری وایە لە بەرەکانی بەرەڤانی لە نیشتیمان و گڵکۆ پیرۆزەکان، جاری وایە لە مەتەرێزی بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی نەگریسی کۆرۆناو جاری واشە لە گۆڕەپانی جیھانیی دامرکاندنەوەی بایکۆت بەبەرزایی نەوتبەرەکانەوە خەریکی خەبات و تێکۆشانن ستایشی کرد.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاراستەی داکۆکیی ئابووری لە ڤەنزۆئیلای ھاوپەیمانی، پێنج پاپۆڕی ھەڵگری سوتەمەنیی لە ڕێگای تەنگەی «جەبەل تاریق» و ئاوە ئازادەکانەوە بەرەو ڤەنزۆئیلا ناردووە.

ھەتا ئێستا سێ نەوتبەری ئێران بە ناوەکانی «فۆرچون» ، «فارست» و «پێتۆنیا» گەییشتوونەتە گوێئاوەکانی ڤەنزۆئیلا و بارەکانی خۆیانیان لە بەندەرەکانی ئەم وڵاتە داگرتووە.

دوو نەوتبەری ئێرانیی دیکە بە ناوەکانی «کلاوێل» و «فەکسۆن»یش بە دووی نەوتبەرەکانی «فۆرچون»، «فارست» و «پێتۆنیا» بەرەو گوێئاوەکانی ڤەنزۆئیلا وەڕێ کەوتوون.

نیکۆلاس مادۆرۆ  سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئیلا شەوی دووشەممە وێڕای ستایش کردنی دەوڵەت و جەماوەری ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە ڤەنزۆئیلا تەنیا نییەو ھاوڕێگەلێکی بوێری ھەن کە لە لە تەنیشتی دا ڕاوەستاون.

مادۆرۆ وتیشی: لەوشوێنەی وا وڵاتانی ئەمپریالیستی بە نیازن لە ڕێگای تەوژم و گوشارەوە بڕیارەکانیان بسەپێنن، بەس برایەتییە کە دەتوانێ جەماوەرە بیرئازادەکان ڕزگار بکات.

ئەمریکا لەماوەی مانگەکانی ئەم دواییە بە ھەڕەشەو سەپاندنی بایکۆت و گوشاروگەمارۆی ئابووریی ڤەنزۆئیلا ھەوڵی داوە دەوڵەتی یاسایی ئەم وڵاتە کە ھەڵوێستێکی دژە ئەمریکیی ھەیە بڕوخێنێ. ھەوڵدانێک کە قەت سەری نەگرتووە.