کانونی دوھەم 18, 2017 20:33 Asia/Tehran
  • زەریف: دەرکەکانی ئێران تەنانەت بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکاش دا لە سەر پشتە

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری لە سوویسڕا وتی: سەرباری هەبوونی ناکۆکیی سیاسی لەگەڵ ڤاشێنگتۆن،دەرکەکانی ئێران تەنانەت بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکاش دا لە سەر پشتە.

موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری لە داڤووسی سوویسڕا کە بە تەوەرەی داهاتووی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێ ، پێی داگرت: ئێمە هۆگری گەشە پێدانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا، ژاپۆن و کۆریای باشوورین، ئێمە لەگەڵ چین دا هاوبەشیی چەند لایەنەمان هەیە.

زەریف وتیشی: سەرباری هەبوونی ناکۆکیی سیاسی لەگەڵ ڤاشێنگتۆن، دەرکەکانی ئێران تەنانەت بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکاش دا لە سەر پشتە.

ناوبراو هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەمەی کە بۆچوونت لە بارەی سیاسەتی دەوڵەتی ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا چۆنە، وتی: بە سەرنجدانی ئەوەی کە نزیکەی چل ساڵێکە سیاسەتەکانی ئەمریکام بەوردی لەژێر چاودێری دایە لەو باوەڕەدام کە پێش ئەوەی قەزاوەت بکەین دەبێ چاوەڕوان بمێنینەوە. ئێمە تەنانەت ئەوەشمان دیوە کە دەوڵەتی ئوباماش وەکو پێویست لە ڕاپەڕاندنی ئەوبەشانەی ڕێککەوتنەکە کە پەیوەندیی بەخۆیەوە هەبووە مکوڕ نەبووە، ئێمە دەبێ چاوەڕوان بمێنینەوەو بزانین ترەمپ لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەتیی خۆی دا چ دەکات.

موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها ئاماژەی کردە پرسی سووریاو وتی: هەمووان دەبێ لەمە تێ بگەن کە پرسی سووریا ڕێگاچارەی سەربازیی بۆ نییە.

زەریف وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە، ئێران هۆگری سەقام و ئەهوەنی لە ناوچەکەدایە ، وتیشی: ئەوەی وا ئێران و ڕووسیاو تورکیای لەمەڕ دۆزینەوەی کۆتاییەک بۆ کارەساتەکەی سووریا لە دەوری یەک خڕ کردەوە، ئەمەیە کە تیرۆریزم سنوورو کەوشەن ناناسێ، ئێمە دەبێ پێکەوە هاوکار بین، کەس ناتوانێ بە پشتیوانی کردن لە توندئاژۆیی تەنانەت قازانجێکی بڕگەییشی دەست کەوێ.