May 26, 2018 13:46 Asia/Tehran
  • ئاکەپە نیگەرانە، ئەڵمانیا تەنیا رێگە بە هەدەپە دەدات لەوڵاتەکەی بانگەشە بکات

ئەڵمانیا تەنیا رێگە بەپارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لەوڵاتەکەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکات‌و پارتی دادوگەشەپێدانی خاوەن دەسەڵاتیش لەو بارەوە نیگەرانە.

 

ئەڵمانیا ماوەی پێشوو بڕیاریدا رێگە بەهیچ پارتێکی تورکیا نادات، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە بکەن، کە لە 24ی مانگی داهاتوو بەرێوەدەچێت، جگە لەهەدەپە.

ئەڵمانیا بۆ ئەو مەبەستە مۆڵەتی بە هەدەپە داوە، لەشاری میونیشن میتنگێکی بانگەشە رێکبخات‌و بۆ ئەوەش ئاسایشی میتنگەکە دابین دەکات، کە هەڵمەتی بانگەشەی ئەو پارتەی تێدا بەرێوەدەچێت.ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا  نیگەرانی پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیای بەداوە هاتووە، کە پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەیەو نیگەرانییەکانیشی گەیاندووە بەدەسەڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام وەڵامنەدراوەتەوە.

ئەڵمانیا بەبیانووی رێگری لەدروستبوونی پشێوی ئەو بڕیارەیداوەو پێشتر لەپرۆسەی ریفراندۆمی هەمواری دەستووری تورکیا لەساڵی رابردوو رێگری لەبانگەشەی لایەنە تورکییەکان کرد.

لەبارەی هۆکاری ئەوەی ئەڵمانیا بۆ رێگری لەهەدەپە ناکات، سەرچاوە ئەڵمانییەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەو پارتە رێگری زۆری لەناوخۆی تورکیا لێدەکرێت، بۆیە رێگە بەو پارتە دەدات لەوڵاتەکەی بانگەشە بکات.

ماوەیەکە گرژی‌و ئاڵۆزی لەنێوان تورکیاو ئەڵمانیا هەیەو ئەگەر هەیە ئەم بڕیارە گرژییەکان زیاتر بکات، بەتایبەتی ئەگەر پارتی ئاکەپە لەدەسەڵاتی ئەو وڵاتە بمێنێتەوە.