ته‌مووز 04, 2018 21:09 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی : ئامانجی سەرەکیی ئێران لە سووریا زەبروەشاندنێکی گورچکبڕ لە داعش بوو

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا زەبروەشاندنێکی گورچکبڕ لە تاقمی تیرۆریستیی داعش بوو ، ڕایگەیاند: ئێران ھەتا تەفروتونا بوونی یەکجاریی تیرۆریستان و ھیوابڕاویی داکۆکیکارانیان لەوانە ڕژێمی زایونی لە سووریادا دەمێنێتەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ ( سباستییەن کورتز_Sebastian Kurz) سەرۆکی نەمسا لە ڤییەنا، بە دەربڕینی ئەمەی کە بڕێک لە وڵاتانی ئەورووپی لە ڕووی مێژووییەوە قەرزێکی جولەکەکانیان لە لایە، وتیشی: جولەکەکانیش قەرزاری ئێرانییەکانن ، چونکو ئێرانییەکان ڕزگاریدەری جولەکەکان لە بابل دا بوونەو لەم ڕووەوە بەردەوام منەتباری ئێرانییەکانن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، زایونییەکانی بە کۆمەڵێک داگیرکەر زانی و وتیشی: زایونییەکان دانیشتووانی غەززە بوردومان دەکەن و دەست لە کاروباری نێوخۆیی سووریا وەر دەدەن و بە داکۆکیکردن لە تاقمی تیرۆریستی داعش ڕۆڵێکی ھەرە تێکدەرانە لە ناوچەکەدا دەگێڕن.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، ھەروەھا ئامانجی یەکجاریی ئێران و نەمسای چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشت لە ناوچەی ھەستیاری ڕۆژھەڵاتی ناڤین و گەیاندنی ڕاژەکاری و یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بۆ گەلانی ناوچەکە پێناسە کردو ھیواداری دەربڕی کە، پەیوەندییەکانی ھەردووک وڵات لە ئاراستەی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی ھەردووک لا پەرە بستێنێ.

( سباستییەن کورتز_Sebastian Kurz) سەرۆکی نەمساش لەم پرێس کۆنفرانسەدا ڕەوشتی جەماوەری سووریای بە جێگای نیگەرانی زانی و ھیوای ئەوەی خواست کە تەواوی وڵاتانی ناوچەکەو زلھێزەکانی جیھان ڕۆڵی خۆیان لە مەڕ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریاو کۆتایی ھێنان بە مەینەتی و کوێرەوەرییەکانی جەماوەری ئەم وڵاتە، جێبەجێ بکەن.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ھەر ئەمڕۆ بە ئامادە بوونی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و ( سباستییەن کورتز_Sebastian Kurz) سەرۆکی نەمسا ، چوار تەبایی نامەی ھاوکاری لە بوارەکانی گواستنەوە، بەڕێوەبەرایەتی کردنی سەرچاوە ئاوییەکان، وزە بووژان ھەڵگرەکان و ھاوکاری لە بواری کانزا لە نێوان کاربەدەستانی ھەردووک وڵات واژۆ کرا.

سەرپەیڤ