تشرینی دووه‌م 08, 2018 21:19 Asia/Tehran
  • هەڵبژاردنەکانی 2018ی ئەمریکا و شوێنهاتەکانی

ئەنجام پاش دوو ساڵ دەسەڵاتی کۆماریخوازان لەسەر بەشەکانی دەسەڵات لە ئەمریکا، یەکێک لە دوو پەرلەمانی ئەو وڵاتە کەوتە دەستی دیمۆکراتەکان.

هەروەک چۆن زۆربەی پێش بینییەکان باسیان دەکرد، لە هەڵبژاردنەکانی نێواندەورەیی 2018دا، زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کەوتە دەستی دیمۆکراتەکان و کۆماریخوازانیش هەروا سێنایان بۆ مایەوە.گەڕانەوەی دیمۆکراتەکان بۆ پلەی زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەران لە پاش 8 ساڵ، ئەویش پاش تێپەڕینی دوو ساڵ لە دەس پێ بوونی دەرۆکایەتیی ترەمپ، گەلێک گۆڕانکاری سەرەنج ڕاکێش لە سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەمریکادا وەدی دێنێت. شکەست هێنانی کۆماریخوازان لە ئەنجومەنی نوێنەران کە لە باری نێوەڕۆکەوە، شوێن دانەرتر و گشت داگر ترە لە چاو سێنا، پیشاندەری ڕادەی ناڕەزامەندی خەڵکی ئەو وڵاتەیە لە حکوومەتە کۆماریخوازەکەی ئەمریکا. 

ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە کۆماریخوازان، بەتایبەت خودی  ترەمپ هیوادار بوون هەڵکشانی ئاستی شاندەرەکانی ئابووری و لە پێش گرتنی هەڵوێستی تووند لەمەڕ پەنابەر و کۆچبەرە نایاساییەکان، ببێتە هۆی ڕەزامەندی هاووڵاتیانی ئەمریکی. بەم حاڵەوە، بە پێی یەکەم پێش بینییەکان، نزیک بە لەسەتا 55ی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکان، ڕۆژی سێشەممە شەشەمی نۆڤەمبەر، دەنگی نەرێنییان دایە سیاسەتەکانی حکوومەتی کۆماریخوازی ئەو وڵاتە.

لەهەر حاڵدا، لە سێهەمی ژانویەی 2019 و بە دەس پێ بوونی کاری کونگرێسی سەد و شازدەهەمی ئەمریکا، دیمۆکراتەکان سەرۆکایەتی ئەو ئەنجومەنە و هەموو لێژنەکانی هاوپەیوەندی دەگرنە دەست. لەو کاتەوە تا دوو ساڵ دواتر، ترەمپ بۆ بردنە پێشی ئامانجە نوێیەکانی خۆی دەبێ لە بەربەستی پتەوی دیمۆکراتەکانەوە تێپەڕ بێت. ئەنجومەنی نوێنەران دەورێکی جیاوازی هەیە لە ڕێکخستن و دیاری کردنی بووجەی دەوڵەتی فیدراڵدا و ئەتوانێ بە گۆڕانی ڕادەی بەشە بووجەکان، بە تووندی گوشار بخاتە سەر کۆشکی سپی لە پێناو بردنە پێشی پلانەکانیدا.

جگە لەوەش کونترۆڵی دیمۆکراتەکان لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران ، هەلێکی چاکیان بۆ دەڕەخسێنێ کە سەبارەت بە دۆسیە جۆربەجۆرەکانی ترەمپ هەر لە هاوکاری لەگەڵ رووسەکانەوە بگرە تا باسی خۆ دەرباز کردنی لە باج و هەروەتر پرسی پەیوەندی نائەخلاقیانە لەگەڵ هەندێک لە ئافرەتان، لێکۆڵینەوە بکەن. ئەم دەسەڵاتە ئەتوانێ تا ڕاگەیاندنی تاوان لە دژی سەرۆکی ئەمریکا و داواکاری بۆ دادگایی کردنی و وەلانانی لە سێناش درێژەی هەبێت.

بۆیە پێدەچێت ترەمپ لە دوو ساڵی دوایی سەرۆکایەتییەکەی بە تووندی بکەوێتە ژێر زەخت و گوشاری دیمۆکراتەکان کە لەم سەرکەوتنەیان وەکوو پردێک دەڕوانن بۆ گەڕانەوە بە کۆشکی سپی و سەرکەوتنی دوایی لە ساڵی 2020 دا.

 

 

سەرپەیڤ