تشرینی یه‌که‌م 19, 2016 19:15 Asia/Tehran
  • ڕزگارکرانی سەت خێزان لە چنگ داعش لە باشووری موسڵ

فەرماندەری هێزی پۆلیسی فێدراڵی ئێراق ڕایگەیاند، سەت خێزانی ئێراقی یەخسیرکراوی دەست تیرۆریستانی داعش لەئاوایی "البجوانیە" لەباشووری موسڵ ڕزگار کراون.

بەپێی نووسینی ماڵپەڕی هەواڵی ئێراقی فوڕات نیوز، شاکر جەودەت ئەمڕۆ چوارشەممە لە سێیەمین ڕۆژی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی شاری موسڵ وتی: هێزەکانی پۆلیسی فێدراڵ توانیان سەت خێزانی یەخسیرکراوی دەست گروپی تیرۆریستی داعش لەئاوایی "البجوانیە السفلی"ی سەر بە ناوچەی شورە لەباشووری شاری موسڵ ڕزگار بکەن.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق سەرلەبەیانی رۆژی دووشەمە هەواڵی دەس پێکرانی هەڵمەتی ڕزگارکردنی موسڵی ڕاگەیاند.

شەڕ بۆ ڕزگارکردنی پارێزگای نەینەواو سەندنەوەی ناوەندەکەی واتە شاری مێژوویی موسڵ لە ٤٦٥ کیلۆمیتری باکووری بەغدا لەچنگ داعش، بە حەرەکەت کردنی دەیان گوردان لە هێزی پیادەی سوپای ئێراق، هێزی پێشمەرگەو هێزە جەماوەرییەکان لە چەند میحوەرەوە لە بەیانی رۆژی دووشەممەوە دەس پێ بووە.

لەو هەڵمەتەدا، هێزە ئاسایشیەکان بریتی لە؛ سوپا، هێزی حەشدی شەعبی ، هێزی پێشمەرگە، پۆلیس و هەروەها هێزە عەشیرەتی، و خۆجێییەکان و یەکەکانی وەک، هێزەکانی ڕێکخراو بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزمی ئێراق بەشدارن.

هێزی پێشمەرگەو سوپای ئێراق لە میحوەری خازەر(٣٧کیلۆمیتری باکووری ڕۆژهەڵاتی موسڵ) پێشڕەوی خۆیان دەس پێ کردووەو لە قۆناخی یەکەمدا، ئەو هێزانە گەیشتوونەتە دەورووبەری باشیک لەباکووری موسڵ.