ئادار 24, 2017 20:19 Asia/Tehran
  • کوژرانی 230 عێراقی لە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر موسڵ

لە هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی بەناو هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژئاوای موسڵ 230 کەسی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵن گیانیان لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاسایشتیی عێراق ڕایگەیاند: فڕۆکە شەڕکەرەکانی بەناو هاوپەیمانی سێ ماڵیان لە ناوچەی موسڵی تازە کە خەڵکی سڤیل خۆیانیان تیادا حەشاردا بوو، بوردومان کرد.

ئەم سەرچاوە ئاسایشتیە وتیشی : تەرمەکانی 130 کەس لە خەڵکی سڤیل کە لە ماڵێکدا پەنایان گرتبوو، لەژێر داروپەردوو هێنراونەتە دەرەوە.

بە قسەی ئەم سەرچاوە ئاسایشتیەی عێراق، نزیکەی سەد کەسی دیکەش کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە هێرشی ئاسمانیی سەر دوو ماڵی دیکە لە بەشی ڕۆژئاوای موسڵ دا کوژراون.

پێشتر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز وای بڵاو کردبووەوە کە، بەرپرسانی بەرەڤانیی مەدەنیی عێراق و دانیشتووانی خۆجێی دوێنێ پێنج شەممە ڕایانگەیاند بوو کە، دوابەدوای شاڵاوی ئاسمانیی چەند ڕۆژ لەمەوبەری هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە ڕۆژئاوای موسڵ، تەرمی دەیان کەسی سڤیل لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوەو هەوڵی هێزەکانی فریاکەوتن بۆ ڕاپسکاندنی تەرمی قوربانییەکان لە ژێر داروپەردوو هەروا بەردەوامە.