ته‌مووز 20, 2018 12:03 Asia/Tehran
  • عەمار حەکیم لە کۆبوونەوەی سەرۆک حزبەکانی عێراق: دەبێ پشک پشکێنەی سیاسی لە عێراق کۆتایی بێت

سەید عەمار حوکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق لە دانیشتنی سەرۆک حزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کە لە نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوەچوو خوازیاری کۆتایی هێنان بە پشک پشکێنەی سیاسی بوو.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی حیکمەی نیشتمانی، سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بەشداری کرد لە دانیشتنی سەرۆک حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کە لە نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوەچوو.

بەشداربووان لەو دانیشتنەدا سەبارەت بە تەنگەژەکان و کێشەگەلی بەردەم عێراق و لەوان داخوازەکانی خۆپیشاندەران، ئەنجامی بەرایی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان و ڕەوتی گفتوگۆکانی ئێستا بۆ پێکهێنانی دەوڵەت  بیر و ڕایان گۆڕیەوە.

حەکیم لەو دانیشتنەدا بە ئاماژە بە گرینگیی دەرچوونی عێراق لە قەیرانەکانی ئێستا، داوای لە هەمووان کرد کە پێبەند بن بە بەرپرسایەتیان هەمبەر بە گەلی عێراق و وەدی هێنانی ئامانجەکان و جێبەجێ کردنی ویستەکانیان.

ناوبراو هەمدیسان پێداگری کردەوە لە پێویستیی قۆناغی بەردەم بە دەوڵەتی زۆرینە و جەختیشی کرد: دەبێ کۆتایی بێنین بە پشکبەندییە سیاسییەکانی عێراق.

هەروەها ئامادەبووانی ئەو دانیشتنەش جەختیان کرد لە سەر پێبەندبوون بە ئەنجامی بەراییەکانی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە.

ئامادەبووان بە ئاماژە بە ویست و داواکاریی خۆپیشاندەران، سەبارەت بە پێکهێنانی بنکەی قەیران لە پارێزگاکان و وەزارەتخانەکان بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پێداویستیی خەڵکی و هەنگاوەکان بۆ چارەسەریان وتووێژیان کرد.