کانونی یه‌که‌م 10, 2019 12:13 Asia/Tehran
  • پاکتاوکرانی ٥٢ گوندو دۆزرانەوەی سێ موشەکی داعش لە باشووری کەرکوکی عێراق

پۆلیسی فیدراڵی عێراق باسی پاکتاوکرانی ٥٢ گوند لە کەرکوک و دۆزرانەوەی سێ موشەکی کاتیۆشا و قۆڵبەست کردنی چەند تیرۆریستی کرد لە چوارچێوەی ھەڵمەتی حەوتەم « خواستی سەرکەوتن» دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی فارس، ھێزەکانی عێراق ڕۆژی دووشەممە چەند تیرۆریستیان لە شارستانی «حەویجە» ھەڵکەوتوو لە باشووری کەرکوک قۆڵبەست کردو ھاوکات چەند موشەکیشیان دۆزییەوەو دەستیان گرت بەسەری دا.

پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەک دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە: لەشکری سێھەمی پۆلیسی فیدراڵی عێراق و دامەزراوە سەربازییەکانی سەر بەم پێکھاتەیە لە ڕۆژی یەکشەممەوەو لە چوار چێوەی  ھەڵمەتی حەوتەم «خواستی سەرکەوتن» ئەرکی پاکتاوکردنی ناوچەو گوندەکانی پارێزگای کەرکوک و شاستانی حەویجەیان دەست پێ کردووە.

پۆلیسی فیدراڵی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە: لەم ھەڵمەتەدا ھەتائێستا ٥٢ گوند پاکتاو کراون و ١١١ بۆمبا، سێ موشەکی کاتیۆشاو چەند ڕاکێت دۆزراوەتەوەو دەستیان گیراوە بەسەردا.

نووسینگەی سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی سوپای عێراق لەم دواییەدا باسی دەست پێ بوونی قۆناغی حەوتەم لە ھەڵمەتی «خواستی سەرکەوتن»ی کردو وتی: ئەم ھەڵمەتە لە پارێزگاکانی دیالەو سەلاحەددین ئەنجام دەگرێت و ئامانج لە ئەنجام گرتنی ئەم ھەڵمەتانەش پاکتاوکرانی ناوچەو گوندەکان و ڕاپێچ کردنی کەسانی بەرپەیگەڕو خاشەبڕ کردنی تیرۆریزم لەم دوو پارێزگایەدا ڕاگەیەندراوە.

ھەڵمەتی «خواستی سەرکەوتن» لە حەوتەمی ژوئیەی ڕابردوو دەستی پێ کراوەو ھەتا ئێستا شەش قۆناغی ئەم ئۆپراسیۆنە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ ھاتووە.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی عێراق بە یارمەتیی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە و یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرێک لە ناوچەداگیر کراوەکانیان لە تیرۆریستانی داعش سەندووەتەوەو لە کردەوەدا کاری داعش لە عێراق دا کۆتایی پێ هاتووە. سەرباری تێکشکانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق دا، کەچی ھێشتا کۆمەڵێک لە بەرماوەکانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق خۆیانیان حەشار داوەو جاروبار بە شێوەی پرژو بڵاو هێرشێکی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن.

سەرپەیڤ