کانونی دوھەم 26, 2020 17:14 Asia/Tehran
  • بەشیر حەداد: لە لیستی دامەزراوانی کەرکوک دا نادادپەروەری کراوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای بەدواداچوونێک بۆیان دەرکەوتوە کە لە لیستی دامەزراوانی پەروەردەی کەرکوکدا نادادپەروەری کراوەو داوایان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق کردوە لەکاتی دامەزراندندا رەچاوی پێکهاتەی نەتەوەیی بکات.

 

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دەرچوانی دانەمەزراوی کورد لە شاری کەرکوک لە هەولێر کۆبوەتەوە و بە گوێرەی نووسینگەکەی، "لەسەر بابەتی ئەو دو هەزار و 841 پلەی دامەزراندنەی کە لە وەزارەتی پەروەردەوە درابویە پەروەردەی کەرکوک و پاش بەدواداچون بۆیان دەرکەوت کە نادادپەروەری تێدا کراوە".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، هەر پلەیەکی دامەزراندن لە هەر وەزارەتێکەوە بۆ دامودەزگاکانی کەرکوک دەربچێت پێویستە هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایەی تێدا رەچاو بکرێت و بەپێی قەبارەی پێکهاتەکان ئەو پلە دامەزراندنانە دابەش بکرێن، "چونکە کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە".

ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی رابردو پەروەردەی کەرکوک لیستی ناوی دامەزرێنراوانی پارێزگاکەی بڵاوکردوەتەوە و پێکهاتەی عەرەبی لە شارەکەدا نزیکەی 62%ی دامەزراوەکان پێکدەهێنن، هاوکات کورد 20% و پێکهاتەی تورکمانیش 17%ی دامەزراوەکان پێکدەهێنن.