ئاب 31, 2020 16:12 Asia/Tehran
  • بەرهەم ساڵح: پێویستمان بە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی خاوێن هەیە

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، عیراق پێویستیی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی وڵات و ئاماژەی بەوەدا کە "ئەمڕۆ عیراق بەقۆناخێکی هەستیار و مەترسیداردا گوزەر دەکات".

 

بە پێی هەواڵێکی میدیای وێستگەنیوز ، به‌رهه‌م ساڵح وتیشی: "هەڵبژاردنەکان دەستەبەری پەیڕەوکردنی مافە دەستوورییەکان و دیاریکردنی چارەنووسی وڵات دەخاتە بەردەستی گەلی عیراق و رێگەدەدات بە هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتێکی "دوور لە هەر دەستتێوەردان و یاریپێکردنێک"، زیاتر وتی عیراقییەکان چاویان لە "دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوی بێکەموکورتی هەیە".

 سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی عاشووراوە زیاتر ده‌دوێت و دەڵێت: "پێویستە داواکاریی نیشتمانیی بۆ چاکسازی جێبەجێ بکرێت، لە رێگەی پەنابردنە بەر گەل بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە". 

بەرهەم ساڵح هەروەها روونیکرده‌وه‌، پێویستە هەڵبژاردن لە دۆخێکدا بکرێت "متمانە بەسەریدا زاڵ بێت، دوور لە تەزویر و یاریپێکردن، ئەمەش پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییە تەکنیکی و یاساییەکان هەیە تا عیراقییەکان لە خاوێنی و راستیی" دڵنیاببنەوە.

 سەرۆک کۆماری عیراق پێیوایە کە "عیراقییەکان دوای چەرمەسەریی درێژ و بێبەشبوونێکی زۆر، چاویان لە دادپەروەری و سەروەریی یاسایە، لەگەڵ کۆتاییهێنان بەگەندەڵی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە. چاویان لە باڵادەستبوونی دەوڵەتێکی بەتوانای خاوەن سەروەریی تەواوە کە پشت بە دەستوور و یاسا ببەستێت". 

مانگی رابردوو، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا دەستنیشانکرد.

 

سەرپەیڤ