کانونی یه‌که‌م 08, 2017 14:19 Asia/Tehran
  • داکۆکی کۆنفەرانسی نێودەوڵەتیی یەکێتی ئیسلامی لە ئینتیفازەی نوێی فەلەستین

کۆنفەرانسی نێودەوڵەتیی یەکێتی ئیسلامی لە تاران بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی ٢٦ بڕگەیی و پێداگریی بەردەوام لە سەر پێویستیی بەهێزتر کرانی یەکێتی و یەکدەنگی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی دوژمنان لەوان پیلانی نوێی دژ بە قودس کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.

کۆنفەرانسی نێودەوڵەتیی یەکێتی ئیسلامی کە سێشەممەی رابردوو دەست پێ بوو، شەوی هەینی کۆتایی هات. لە بەیاننامەی کۆتایی ئەم کۆنفەرانسەدا ئاماژە کراوەتە دوو خاڵی گرینگ. یەکەم ئەوەی کە بە سەرنج دانی توانایی و لێهاتوویی جیهانی ئیسلام، بووژاندنەوەی ژیاری ئیسلامی بە مەبەستی ڕزگار کردنی مرۆڤایەتی لە ئێش و ژان پێویستە.

خاڵی دووەم، ئاماژە دەکاتە بڕیاری "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژ بە قودس، بەشدار بووانی کۆنفەرانسی نێودەوڵەتیی یەکێتی ئیسلامی لە تاران، جەختیان کرد لە سەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی نوێی ئەمریکا کە هەمان بە جولەکە کردنی قودسی پیرۆز و زاڵێتی بە سەر پیرۆزگەکانی موسڵمانانە. بەم پێیە؛ جیهانی ئیسلام پێویستی بە ئینتیفازەیەکی فەلەستینیی نوێ بەرامبەر بە پیلانگێڕیی نوێ دژ بە قودسە.

هاوکات لەگەڵ بنەبڕ کرانی پیلانی تیرۆریزمی تەکفیریی داعش لە سووریا و ئێراق، دوژمنانی جیهانی ئیسلام، پیلانێکی نوێی دیکەیان داڕشت. ئامانج لەم پیلانەیش دەستەبەر کردنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنی لە سای خەیانەتی ژمارێک وڵاتی عەرەبی سازشکارە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ئاکامدا شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو ، قودسی داگیرکراوی بە پێتەختی ڕژێمی ئیسراییل پێناسە کرد و هاوکات فەرمانی دا هەنگاوە بەراییەکانی گوێزرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تێلاڤیڤەوە بۆ قودس هەڵگیردرێ. بڕیاری ترەمپ سەبارەت بە قودس هەرچەن ڕاستیی مێژوویی و شوناسی شاری قودس ناگۆڕێ، بەڵام ئەو کارەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە راستیدا لەگەڵ سیاسەتەکانی وڵاتانی عەرەبی هاوئاراستەی ئیسراییل دێتەوە.

یانی سیاسەتی ژمارێک وڵاتی عەرەبی لەوان عەرەبستانی سەعوودی لەمەڕ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسراییل، دەوڵەتی ترەمپی هان دا بۆ ئەوەی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی ساختە ئیسراییل رابگەیەنێ. هەر لەم بوارەدا ؛ "فەیسەڵ مقداد" جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا وتی: هاوئاراستە بوونی ژمارێک وڵاتی عەرەبی کەنداوی فارس لە ڕێگای ئەو پیلانەی دژ بە فەلەستین گێڕدرا، هۆکاری سەرەکیی هان دانی دەوڵەتی ترەمپ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە داهاتوودا بۆ قودسە.

بە هۆی ئەو هەنگاوی نوێی دەوڵەتی ئەمریکا دژ بە قودس، زیاتر لە رابردوو وشیاری و بایەخ دانی جیهانی ئیسلام بە مەسەلەی فەلەستین پێویستە. یەکێتی و یەکدەنگیی ئۆمەت و دەوڵەتانی ئیسلامی، پوتانسییەلێکی یەکجار گەورەیە کە بێتوو بە کردەوە جێبەجێ بکرێ هیچ پیلانێک لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا ناگاتە ئەنجام. داکۆکیی بەشدار بوانی کۆنفرانسی یەکیتی ئیسلامی لە تاران لە ئینتیفازەی نوێی فەلەستین بەرامبەر بە دەسدرێژی کرانە سەر قودسی پیرۆز، پیشاندەری یەکدەنگی لە مەڕ ئارمانجی فەلەستینییەکان و  ئاگاداری و وشیاری بەرامبەر بە پیلانگێڕیی نوێ لە جیهانی ئیسلامدایە.

بە بنەبڕ کرانی فیتنەی داعشی لە سووریا و ئێراق، ئێستا ئیتر مەسەلەی قودس و فەلەستین لە سەرووی پرسە گرینگەکانی جیهانی ئیسلامدایە.

وڵاتانی ئیسلامی بە پێ و شوێنگرتنی بەردەوامی ڕووداو و گۆرانکارییەکانی فەلەستین و دەکارهێنانی توانا و پوتانسییەلی فرەچەشن لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا ، ئەو پیلانە تازەی دژ بە قودس دەگێردرێ بنەبڕی دەکەن. هیچ وڵات و یان سەرۆک کۆمارێک ناتوانێ چارەنووس و داهاتووی شاری قودس دیاری بکات، بەڵکوو ئەوە مێژوو و ویست و ورەی بەزری پستیوانانی ئارمانجی فەلەستینە کە چارەنووسی ئەم شارە دیاری دەکات. پشتیوانانی ئارمانجی فەلەستین لە راستیدا چاوەڕیی داکۆکی لە ئیتیفازەی نوێی فەلەستینییەکان بۆ پاراستنی شاری مێژوویی قودس دەکەن. لەم نێوانەدا ؛ فەلەستینییەکان ئامادەیی خۆیان راگەیاندووە بۆ دەسپێکردنی ئینتیفازەیەکی نوێ بە ئامانجی رزگار کردنی قودس.

ئەزموونەکانی رابردوو ئەوەی سەلماندووە کە خۆراگری تەنیا ڕێگای ڕزگاریی فەلەستین و پووچەڵ کردنەوەی پیلانگێڕییەکانە. هەر لەم چوارچێوەدا ؛ "ئیسماعیل هەنییە" سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس پێی داگرت: تەنیا بە ئیتیفازەیەکی نوێ دەتوانین بەرەنگاری سیاسەتی ئیسراییلی داکۆکی کراو لە لایەن ئەمریکاوە ببینەوە و فەلەستینییەکان لە چوارچێوی ئینتیفازەیەکی نوێدا خەباتی خۆیان درێژە پێ دەدەن.