شوبات 14, 2019 17:45 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق: پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ یەکێتی نیشتمانی، سەپێندرانی دوو ئیدارەیی یە

ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە شەرتی ئەو یەکێتیە بۆ بەشداربوون لە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، شەراکەتی ڕاستەقینەیە، پێی داگرت کە پێکهاتنی حکومەت لەلایەن پارتی دیموکرات بێ هاوبەشیی یەکێتی نیشتمانی، وەک سەپاندنی دوو ئیدارەیی لە هەرێم لەقەڵەم دەدرێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە هاووڵاتی، "قادر عەزیز" لەبارەی هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، وتی کە شەراکەتی ڕاستەقینە لە حکومەت و بڕیاردانەکان، شەرتی ئەو یەکێتیەیە بۆ هاوبەش بوون لە حکومەتدا.

ناوبراو وتی : بێتوو پارتی بێ ئامادەبوون و هاوبەشیی یەکێتی نیشتمانی ، حکومەت پێک بێنێ، ئەوە وەک سەپێندرانی سیستەمی دوو ئیدارەیی بەسەر هەرێمدایە.

ئەندامی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانی، بەئاماژە بەوەی کە بەشداربوونی پارتی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان کە بڕیارە بۆ دیاریکرانی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجام بگرێ، گرێدراوە بە ئیمزای پاکێجی ڕێککەوتن لەسەرکراوی نێوان یەکێتی و پارتی، وتی کە یەکێتی نیشتمانی بێ هاتنەدی شەرت و مەرجەکانی، بەشداری ئەو دانیشتنەو هەروەها بەشداری حکومەتی هەرێم نابێ.

ناوبراو هەروەها پێی داگرت؛ پەیوەندیی نێوان یەکێتی نیشتمانی وپارتەکانی دیکەی هەرێم زۆر پۆزێتیڤ بووەو ئەو یەکێتییە لەگەڵ پارتەکانی دیکە دیدار و وتووێژ دەکا.