ته‌مووز 14, 2019 08:22 Asia/Tehran
  • زەریف ڕوو لە هانت: ئێران درێژە دەدات بە هەناردە کردنی نەوتەکەی لە هەر ڕەوشێکدا

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی شەممە لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ "جێرێمی هانت" وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە پێداگری لە سەر نایاسایی بوونی بایکۆتە نەوتییەکانی ئەمریکا ڕاشکاوانە رایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر ڕەوشێکدا درێژە دەدات بە هەناردە کردنی نەوتی خۆی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "محەممەد جەواد زەریف" لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا بە ئاماژە بە یاسایی بوونی ئامانجی نەوتهەڵگری ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە وتیشی؛ یەکێتیی ئەورووپا کە بەردەوام نەیاری داسەپێندرانی واوەسنووریی بایکۆتەکانی ئەمریکا بووە، خۆیشی ناتوانێ وەها کردەوەیەک جێبەجێ بکات و دەوڵەتی بەریتانیا دەبێ خێرا کۆتایی بێنێ بە راگرتنی نایاسایی نەوتهەڵگری ئێرانی.

زەریف هەروەها سەبارەت بە "نازەنین زاغەری"  و دوو کەسی دیکەیش کە  خاوەنی شاروومەندێتی دوو وڵاتن، و لەبەر تاوانی ئەمنی گیراون ڕوو لە هاوتای بەریتانی خۆی وتی: گرتن  و دادگەیی کرانی ئەم کەسانە بە پێی پرۆسەیەکی ئاسایی و تەواو یاسایی ئەنجام دراوە و چاوەڕێی ئەوە لە بەریتانیا دەکەین ڕێز دابنێ بۆ جێبەجێ کرانی یاسا و سەربەخۆیی دەزگەی داد لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

 "جێرێمی هانت" وەزیری دەرەوەی بەریتانیایش لەو وتووێژە  تەلەفوونییەدا بە پێداگری لە سەر مافی ئێران بۆ هەناردە کردنی نەوتەکەی و بە نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر بە پەرە سەندنی کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچە هیوای خواست ئەنجامی لێکۆڵینەوە مافەوانی و دادەوانییەکان لە جەبولوتاریق ببێتە هۆی ئازاد کرانی خێراتری گەمیی نەوتهەڵگریی "گریس _١" کە نەوتی ئێرانی پێ بوو.

هێزی دەریایی بەریتانیا پێنجشەممە ٤ی ژولای لە هەنگاوێکی نایاساییدا گەمیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە گەرووی "جەبولوتاریق" راگرت.

لە کاتێکدا کە بەریتانیا بانگەشەی کردووە راگرتنی ئەو گەمییە بە مەبەستی پێشگری بە بنپێ کرانی بایکۆتەکانی یەکێتیی ئەورووپا دژ بە سووریا ئەنجام دراوە، بەڵام دەوڵەتی ئیسپانیا کە لە سەر مەسەلەی دەسەڵاتدارێتیی لە سەر ئاوەکانی جەبولوتاریق  جیاوازی بیر و ڕای لەگەڵ لەندەن هەیە، لە بەیاننامەیەکدا پێی داگرت کە بەریتانیا ئەو کردەوەی بە داخوازی ئەمریکا ئەنجام داوە.

ئەمریکا بانگەشەی کردووە  کە ئەو گەمییە نەوتی نەپاڵاوتەی بۆ سووریا گواستۆتەوە.

ئەمریکا و ئیسراییل پێشوازییان کردووە لەو چەتەگەریی دەریاییەی کە بەریتانیا ئەنجامی داوە.