کانونی دوھەم 21, 2021 22:39 Asia/Tehran
  • سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:بۆ ڕیشه‌کێشکردنی تیرۆر پێویست بە هاوئاهه‌نگیی‌ هه‌موو لایه‌ک دەکات

«مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھێرشە تیرۆریستییەکانی ڕۆژی پێنج شەممەی بەغدا پەیامێکی بڵاو کردەوەو تیای دا ڕایگەیاند: بۆ ڕیشه‌کێشکردنی تیرۆر پێویست بە هاوئاهه‌نگیی‌ هه‌موو لایه‌ک دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «مەسعود بارزانی» سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا وێڕای شەرمەزار کردنی‌ کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی ڕۆژی پێنج شەممەی شاری به‌غدا ڕایگەیاند: تیرۆر دژی‌ ژیانه‌ و دوژمنی‌ هه‌موو لایه‌کمانه‌.

لە درێژەی پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دا ھاتووە:  به‌داخێکی زۆره‌وه‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممە ٢١ـی کانوونی دووه‌می ٢٠٢١ له‌ ئه‌نجامی دوو کرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ شاری به‌غدا، ژماره‌یه‌کی زۆری هاووڵاتیی بێ تاوان شه‌هید و بریندار بوون، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و تاوانه‌ تیرۆریستییانه‌ ده‌که‌م، سه‌ره‌خۆشی له‌ بنەماڵە‌ی شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌که‌م و هیوای چاکبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازم.

«مەسعود بارزانی» ھەر لە پەیامەکەی دا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، تیرۆر دژی ژیان و ئاسووده‌یی و ئارامییه‌ و دوژمنی هاوبه‌شی هه‌موو لایه‌کمانه‌، بۆ له‌ناوبردن و ڕیشه‌کێشکردنی تیرۆر، هاوئاهه‌نگی‌ به‌رده‌وامی هه‌موو لایه‌ک پێویسته‌.

بەڕێزی لەدوابەشی پەیامەکەشی دا ڕایگەیاندووە: هیوادارم به‌ هه‌وڵی لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کان به‌ زووترین کات ئه‌وانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ن به‌ سزای خۆیان بگه‌ن.

سەرپەیڤ