تەنفیزی حوکمی دوازدەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان
-
تەنفیزی حوکمی دوازدەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان
ڕێوڕەسمی تەنفیزی حوکمی دوازدەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ 12ی گەلاوێژی 1396 ی هەتاوی ڕێککەوتی 3ی ئووتی 2017ی زایینی بە بەشداری مەقامی مەزنی ڕێبەری بەڕێوە چوو.
لەم رێوڕەسمەدا وەزیری نێوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی دوازدەهەمی سەرۆکایەتی پیشکەش کرد و دواتر حوجەتولئیسلام محەمەدی گوڵپایگانی سەرۆکی نووسینگەی مەقامی مەزنی ڕێبەریش، دەقی حوکمەکەی ڕێبەری ئینقلابی لە پەیوەندی لەگەڵ تەنفیز و پشت ڕاست کردنەوەی دەنگی جەماوەر و هەڵبژاردنی حەسەن روحانی وەک سەرۆک کۆمار خوێندەوە و لە پاشان مەقامی مەزنی ڕێبەری دەقی ئەو حوکمەی دایە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جەماوەر:
ڤیدیۆی کاتی بەخشینی حوکمی تەنفیز لە لایان ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی بە سەرۆک کۆمار:
لە درێژەدا سەرۆک کۆمار، لێدووانێکی پێشکەش کرد کە هەڵبژاردەیێک لە وتەکانی بریتی بوو لە:
• شوکرانەبژێری خودای گەورەم کە یەکێک لە باشترین ڕۆژەکانی بۆ دەس پێ کردنی کاری دەوڵەتی دوازدەهەم دیاری کردووە. لە سەروبەندی ساڵەهاتی لە دایکبوونی حەزرەتی عەلی ئیبنی مووسا ڕەزا (د.خ) کە شانازی هەموو ئێرانییەکانە.
• هەموو خێڵ و هۆزە ئێرانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە خوازیاری سەرەنج و بەشداری زیاتر بن.
• رادەگەینین دیسانەوە هاتووین بۆ بەرز کردنەوەی ناوی ئیسلام و ئێران.
• بانگەوازی خەڵکمان بۆ جارێکی دیکە بیست و دەبێ بە هەموو هەست و نەستەوە سەرەنجی هیوا و متمانەیان بدەین.
• هەروەک لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیمان دابوو دەوڵەتی دوازدەهەم هەژاری تۆخ بنەبڕ دەکات و نیزامی تۆکمەی دابین کردنی ژیانی کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەین.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا مەقامی مەزنی ڕێبەری وتارێکی دادا کە هەڵبژاردەیێکی بەم چەشنە بوو:
• ئەم هیوایە لە ئارادایە کە ئەو بەرپرسانەی وا لەگەڵ سەرۆک کۆمار دێنە گۆڕەپانی کار و هەوڵدانەوە، بە داهێنانی تازە و توانستی زیاتر لە چاو رابردوو، نەتەوەکەمان خۆشحاڵ بکەن.
• ئینقلابی ئیسلامی هات و جەماوەری هێنایە گۆرەپانەوە و خەڵک بوونە خاوەن دەسەڵات، ئەمە بۆ جاری دوازدەهەمە کە ئەنجامی هەڵبژاردنی خەڵک لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت دەردەکەوێ.
• بەرەی نوێی ئێمە لەبیری نەکەن ئێمە لە خولی پێش شۆڕش، دیکتاتۆریەت، لە پەراوێز بوونی خەڵک و سەرەنج نەدانی جەماوەر بە حکوومەتمان بە ئاشکرا دیت.
• لەم خولە نزیک بە 40ساڵەیەدا زنجیرەیێکی لێک نووساوی بەرپرسانمان هەیە کە هەرکامەیان بەش بە حاڵی خۆیان هەوڵیان داوە و دەوریان گێڕاوە.
• ئەمڕۆکە بەرهەمی هەوڵی سەرجەم بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی لە بەردەست ئەو بەرپرسانەیە وا لە ئەمڕۆوە بە فەرمی دەس بە کار دەکەن.
• لە بڕیاردان لە بواری نێودەوڵەتیدا وریا بن، دوژمن هەموو توانستی خۆیان دەکار هێناوە تا نیزامی کۆماری ئیسلامی لە نێو ببات.
• پشت بە خودا ببەستن و بڕواتان هەبێ بە وادەی نوسرەتی ئیلاهی. ئێوە لە پێناو بەڕێوە بردنی فەرمانەکانی ئایین و دامەزرانی دەسەڵاتداریەتی ئیلاهی هەنگاو دەنێن کەوایە بڕواتان هەبێ خودا سەرتان دەخات و بزانن داهاتوو بۆ ئێوەیە.
بە گوێرەی بڕگەی نۆهەم لە ئەسڵی 110ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەنفیزی حوکمی سەرۆکایەتی پاش هەڵبژاردنی خەڵک لە دەسەڵاتی مەقامی مەزنی ڕێبەریدایە. بە پێی یاسا، پاش ئەوەی کە زۆرینەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان دایە یەکێک لە بەربژارەکان و وەکوو سەرۆک کۆمار هەڵیانبژارد، لە دوای پشت ڕاست کردنەوەی ئەو هەڵبژاردنانە لە لایان شەورای نیگابانەوە قۆناغێکی دیکەش دەمێنێ و ئەوەش تەنفیزی حوکمی سەرۆکایەتییە لە لایان وەلی فەقییەوە.