ڕاگەیەندرانی ناوی وەزیرانی پێشنیاریی دەوڵەتی دوازدەیەمی ئێران بە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە نامەیەکدا وەزیرانی پێشنیاریی دەوڵەتی دوازدەهەمی بە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ناساند.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو جێبەجێ کردنی بڕگەی ١٣٣ی یاسای بنەڕەتیدا، بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە، ناوی وەزیرانی پێشنیاریی خۆی ئاراستەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کردووە.
"محەممەد جەواد زەریف" بۆ وەزارەتی دەرەوە، "ئەمیر حاتەمی" بۆ وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان، "بیژەن زەنگەنە" بۆ وەزارەتی نەوت، "عەبدوڕەزا ڕەحمانی فەزڵی" بۆ وەزارەتی ناوخۆ و "سەید مەحموود عەلەوی" بۆ وەزارەتی ئیتڵاعات لەو وەزیرانەن کە بۆ دەوڵەتی نوێی ئێران پێشنیار دراون.
"محەممەد جەواد ئازەری جەهرۆمی" بۆ پۆستی وەزارەتی پێوەندی و تەکنۆلۆژیای زانیاری، "مەسعوود کەرباسیان" بۆ پۆستی وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی، "محەممەد بەتحایی" بۆ وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری، "حەسەن قازی زادە هاشمی" بۆ وەزارەتی تەندرووستی و دەرمان وفێرکاریی پزشکی، "عەلی ڕەبیعی بۆ وەزارەتی تەعاون، کار و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی، "مەحموود حوجەتی" بۆ وەزارەتی کشت و کاڵ، "سەید عەلی ڕەزا ئاوایی" بۆ وەزارەتی داد، "عەباس ئاخوندی" بۆ وەزارەتی ڕێگا و بان و شارسازی، "محەممەد شەریعەتمەداری" بۆ وەزارەتی پیشەسازی، کانگا و بازرگانی، "سەید عەباس ساڵحی" بۆ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، "حەبیبوڵا بی تەرەف" بۆ وەزارەتی وزە، و "مەسعوود سوڵتانی فەر" بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوان ؛ وەزیرانی دیکەی پێشنیاریی دەوڵەتی نوێی ئێران دێنە ئەژمار.
وەزیری زانست و توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای ئێران دواتر دەناسێندرێ.
ئێستاکە ئێران خاوەنی ١٨ وەزاەرتخانەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو هەفتە پاش بەڕێوەچوونی ڕێ و ڕەسمی سوێند خواردن بە شێوەی نووسراوە ناوی لێژنەی وەزیران هاوڕێ لەگەڵ کورتەیەک لە پێشینە و چالاکییەکانی هەرکام لە وەزیران و بەرنامەی دەوڵەت ئاراستەی مەجلیسی دەکات و سەرۆکی مەجلیسی ئێرانیش ئەرکی ئەوەی لە ئەستۆدایە لە یەکەم دەرفەتدا لە کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا، گەیشتنی نامەی ناساندنی وەزیرانی پێشنیاری ڕابگەیەنێ و پاش خوێندنەوەی ئەو نامەیە فەرمانی بڵاو بوونەوەی دەرکات.
یەک هەفتە پاش ناساندنی کابینەی دەوڵەت، کۆبوونەوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی خستنە بەر باس و لێکدانەوەی ستراتژی و بنەما سەرەکییەکانی بەرنامەی دەوڵەت و درانی دەنگی متمانە بە لێژنەی وەزیران ، بەڕێوە دەچێ.
"حەسەن ڕۆحانی" حەوتەمین سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە بۆ دووەم جار لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا سوێندی خوارد کە پاسەوانی ئیسلام، نیزامی کۆماری ئیسلامی و یاسای بنەڕەتیی ئێران بێ.