تشرینی دووه‌م 02, 2017 20:11 Asia/Tehran
  • داکۆکیی شێلگیرانەی ئاڵمان لە درێژەی جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی

باڵوێزی ئاڵمان لە ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ستراتژیای نوێی ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) جەختی کرد: بەرجام، دەسکەوتێکە کە نابێ بکەوێتە مەترسی.

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، مایکل کلور برشتولد، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی یەکەم ناوەندی بازرگانیی ئاڵمان لە تاران بەئاماژە بە دەوری بەرلین لە بەئاکام گەییشتنی بەرجام، وتی: ئاڵمان هەردەم داکۆکی کردووە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و ئەو داکۆکییانە لەداهاتووشدا درێژەی دەبێ.

مایکل کلور برشتولد لەدرێژەدا سەبارەت بەهاوکارییە ئابوورییەکانی ئێران و ئاڵمان وتی: لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەناردەکانی ئاڵمان بۆ ئێران سەتا ١٥ زیادی کردووە کە ئەو چوونەسەرەی ئاستی هەناردە لەبواری کاڵا سەرمایەیەکان و کەرەستەو مەکینەو کاڵای پێویست لە کارگەکان بووە.

برشتولد بەئاماژە بەوەی کە ئێران هاوبەشێکی باشە بۆ ئاڵمان، وتی: جگە لە خاڵی هاوبەشی مێژوویی نێوان دوو وڵات، ئێران پتانسێلێکی باشی هەیە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ ئاڵمان وپەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە.

ناوەندی بازرگانیی ئاڵمان لە تاران بەئامانجی بوارخۆشکردن بۆ هاتنی چالاکوانانی ئابووریی دوو وڵات بۆ بازاڕی یەکتر لەژێر چاودێریی ژووری هاوبەشی ئێران و ئاڵمان چالاکی دەکات.

پتر لە دوو هەزار و٦٠٠کۆمپانیا لە ژووری هاوبەشی ئێران و ئاڵمان ئەندامن.

ژووری بازرگانیی و پیشەسازییەکانی ئێران و ئاڵمان لەتاران پتر لە چل ساڵ پێشینەی هەیە.

سەرپەیڤ