رزگارکرانی ئیدلیب کۆتایی هاتنی پازلی ئاڵۆزی سووریا
بەرپرسی گشتیی خۆرهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای بەگرینگ زانینی ئۆپەراسیۆن لە ئیدلیبی سووریا پێ داگریشی کرد کە : ڕزگارکرانی ئیدلیب دەتوانێ کۆتایی بێنێ بە پازلی ئاڵۆزی سووریا.
محەممەد ئێرانی سەرلەئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە دیمانە لەگەڵ ئەلعالەم، بەئاماژە بەوەی کە ئۆپراسیۆنی ئیدلیب و هەستیارەتی ئەو پرسە، پێش بینی کراوە، وتی: قەیرانی سووریا دەبێ خاڵێکی کۆتایی هەبێ وناتوانێ هەردەم لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە بگوێزرێتەوە.
بەرپرسی گشتیی خۆرهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دەور و ڕۆڵی دانیشتنی حەوتەمی سیپتەمبەری سەرانی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لەتاران لەمەڕ بردنەپێشی ئامانج و ئۆپراسیۆنەکان لە سووریا، وتی: پێداگریی لەسەر سەروەریی خاک، سەربەستی و یەکگرتوویی لە سووریا کە لەلایەن ئێران، ڕووسیاو تورکیاوە هاتەئاراوە، بەومانایەیە کە هیچکام لەو وڵاتانە چاویان لە خاکی سووریاوە نییەو خوازایاری ڕزگارکرانی هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتە لەچنگ داگیرکەرانی تیرۆریستە.
ناوبراو، بەردەوامیی هاوکاریی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لەپەیوەندی لەگەڵ پرسەکانی سووریا، درێژەی ڕەوتی ئاستانەو دۆزینەوەی ڕێکارەکان بۆ چوونەدەر لە قەیرانەناوخۆییەکانی سووریا، لەوان قەیرانی ئیدلیب، ی لە دەسکەوتەکانی دیکەی دانیشتنەکەی تاران ڕاگەیاند.
محەممەد ئێرانی هەروەها بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە تەنیا ڕێگاچارەی قەیرانی سووریا، سیاسییە، وتی: ئەو ڕێگاچارە سیاسییە قەت بەمانای هاوکاربوون و ئاشتەوایی لەگەڵ تیرۆریستان نییە.
بەرپرسی گشتیی خۆرهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەمەڕ قەیرانی سووریاش وتی: ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەوەدانین کە قەیران لە سووریا کۆتایی پێ بهێنرێ.