ڕۆحانی: ئێران یایکۆت دەکاتە دەرفەت
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i373652-ڕۆحانی_ئێران_یایکۆت_دەکاتە_دەرفەت
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە بایکۆتەکانی ستەمکارانەی ئەمریکا دژی جەماوەری ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بایکۆت و ئەوپەڕی گوشاری دوژمنان بە خۆڕاگری و ڕاوەستان دەکاتە دەرفەت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی یه‌که‌م 18, 2019 09:11 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: ئێران یایکۆت دەکاتە دەرفەت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە بایکۆتەکانی ستەمکارانەی ئەمریکا دژی جەماوەری ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بایکۆت و ئەوپەڕی گوشاری دوژمنان بە خۆڕاگری و ڕاوەستان دەکاتە دەرفەت.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی کە بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەکانی کوالالامپوور سەردانی مالێزیی کردووە، ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە ، وتیشی: جەماوەری ئێران لە بەرامبەر بایکۆتەکانی نادادگەرانەی ئەمریکا کە خۆراک و داوودەرمانیشی گرتووەتەوە، ڕاوەستاون و خۆڕاگرییان نواندووە.

ڕۆحانی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمریکاو زایونییەکان بە داسەپاندنی بایکۆت و ئەوپەڕی گوشار بە سەر ئێراندا بە نیازی زەبر وەشاندن لە کۆماری ئیسلامی بوون، وتیشی: دان بەخۆداگرتنی ئێران لە بەرامبەر گوشاری دەرەکی لە ڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی ، ڕۆشنبیری و بەرەڤانییەوە زیاتر لە ڕابردوو پەرەی سەندووە.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە بایکۆت ڕێگایەکە کە دۆڕانێکی دووسەرەی لێ دەکەوێتەوە و ناتوانێ ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، وتیشی: ھەمووان دەزانن کە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بە قازانجی کەس نەبووە بە ئەمریکاو ھاوڕێکانیشیەوە.

ڕۆحانی پێشی داگرت: ئەمریکییەکان ناچارن لەم ڕێگایەی کە لەبەریان گرتووە پاشگەز ببنەوەو ئێرانیش بە خۆڕاگرتن و ڕاوەستانی خۆی زیاتر بۆ ئەو کارە ناچاریان دەکات.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە تیشک خستنەسەر ئەمەی کە گەلی ئێران بەردەوام نەیاری توندئاژۆیی و تیرۆریزم بووە، وتیشی: پەیامی ئێران دامەزراندنی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ھەموو وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامییە لە بواری جۆربەجۆردا.