زەریف : سەرجەم لێکەوتەو دەرەنجامەکانی شەهیدکرانی سەردار سلێمانی ڕووی لە ڕژیمی ڕەشەکوژی ئەمریکایە.
محەمەد جەواد زەریفی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمیانەی گوتوبێژێکی تەلەفوونی لەگەڵ سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان پێداگری کرد کە سەرجەم لێکەوتەو دەرەنجامی شەهیدکرانی سەردار حاجی قاسم سڵێمانی ڕووی لە ڕژیمی ڕەشەکوژی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەمشۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و کاروباری وتەبێژایەتی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمشۆ بە تەلەفوون لەگەڵ ئانتۆنیۆ گوترێش سەبارەت بە تیرۆری سەردار سلێمانی لەلایەن ڕژیمی ئەمریکاوە قسەی کردوە.
زەریف لەمیانەی ئەو گوتوبێژە تەلەفوونیەی دا وێڕای پێداگری لەسەر تیرۆریستی بوونی ئەو کردەوەی ڕژیمی ئەمریکا لە شەهیدکردنی سەردار سلێمانی وتیشی : بە سەرنج دان بە خۆشەویستی یەگجار زۆری سەردار سلێمانی لەلای خەڵکی ناوچەکەو لەبەر ڕۆڵگێڕانی لە خەبات بەدژی ڕێکخراوە ڕەشەکوژەکان شەهیدکرانەکەی دەرەنجامگەلێکی لێ دەکەوێتەوە کە لەدەست کەس دا نیەو سەرجەم دواهاتەکەشی ڕووی لە ڕژیمی تیرۆریستی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.
سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکانیش وێڕای دەربڕینی دڵگرانی خۆی لەو کارەی ئەمریکا ئەو تیرۆرەی بە هۆکاری پەرەگرتنی بارگرژی لە ناوچەکە لێک دایەوە .
سەرداری سەربەرزی ئیسلام حاجی قاسم سلێمانی هاوڕێ لەگەڵ ئەبوومەهدی موهەندیسی فەرماندەی خۆڕاگری جەماوەری ئێراق لەپاش تەمەنێک جیهادکردن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەئاکامی پەلاماری فڕۆکەکانی ڕژیمی ئەمریکا لەفڕۆکەخانەی بەغدا شەهید کرا.
بەپێی ڕاگەیاندنی "پینتاگۆن"ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی ئەو پەلامارە ئاسمانیە لەلایەن دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکاوە دەرکراوە.