ئاب 27, 2021 00:55 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: پەیوەندییەکانی تاران و ئیسلام ئاباد لە مێژینەو بڕوایی و جەماوەرییە

«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان، پەیوەندییەکانی تاران و ئیسلام ئابادی لە مێژینەو بڕوایی و لە سەر بنەمای جەماوەری زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کرد: ھێزمەند کردنی پەیوەندیی دوو لایەنە دەتوانێ بەستێن خۆشکەری گەشەو پتەوبوونەوەی ھاوکارییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانی نێوان ئێران و پاکستان بێت.

ڕەییسی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستانی بە خاڵێکی وەرچان زانی بۆ ھەڵس و کەوتی تەواوی ئەتن و گروپە ئەفغانییەکان لە ئاراستەی دامەزراندنی ئاشتی و ئاسایشت و سەقام لە ئەفغانستانداو وتی: بە دڵنیاییەوە بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ناوچەکە ئاسایشت ھێن نییەو وڵاتانی ناوچەکە دەبێ بۆخۆیان یارمەتی بدەن ھەتا تاقمە جۆربەجۆرەکان لە ئەفغانستاندا حکومەتێکی گشتداگرو ھاوبەش پێک بھێنن.

ئایەتوڵڵا ڕەییسی وێڕای ڕەت کردنەوەی ھەرچەشنە ھەڵوێستێک لە سەر بنەمای خۆ سەپاندن بە سەر ئەفغانستاندا، وتیشی: خۆ بە سەرپەرشت زانین لە بارەی ئەفغانستانەوە، سەرمەشقێکی شکست خواردووی ئەمریکایە و ھەڵگری پێکھێنانی ئاشتی و سەقامێکی پاوەجێ لە ئەفغانستاندا نییە.

دکتۆر ڕەییسی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری ھاوکاریی ناوچەیی بەبێ دەستوەردانی بیانییەکانە، وتیشی: ئامادە بوونی ئەمریکاو بیانییەکان لە ناوچەکە نەک ھەر ئاسایشت ھێن نییە، بەڵکو بۆحۆیان گرفا سازکەرن و وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت ئێران و پاکستان بە ھاریکاریی یەکتر دەتوانن بەستێن بۆ ھاوکاریی ئەتن و تافمە چالاکەکانی ئەفغانستان بۆ پێکھێنانی ئاسایشت و ئۆقرەیی لەم وڵاتە خۆش کەن ھەتا بۆخۆیان بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

«شا مەحمود قورەیشی»وەزیری دەرەوەی پاکستانیش لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستانی بە قوڵ و مێژوویی نرخاندو وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵوێستی ھاوبەشی دوو وڵات لە زۆر بواری ناوچەیی و نێونەتەوەیی، وتی: پاکستان بە دوای قوڵ کردنەوەو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتە لە بوارگەلی جۆربە جۆری ئابووری، سیاسی و ناوچەیی و سوورەین لە سەر ئەوەی کە ئاستی پەیوەندییەکانمان زیتر لە جاران بەرز کەینەوە.

وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە درێژەدا گرینگایەتیی ھاوکاری و ھاواھەنگیی تاران و ئیسلام ئابادی لەمەڕ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامی پاوەجێ لە ئەفغانستاندا وەبیر ھێنایەوەو وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆڵێکی گەورەی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا ھەیە، ھەر بۆیە لەو باوەڕەداین کە بە ھاریکاریی یەکتر دەتوانین لە پێکھێنانی سەقام و ئاشتی لە ناوچەکەو بە تایبەت ئەفغانستان ھاوکارییەکی ئەرێنی و بەکەڵکمان ھەبێت.

ناوبراو بە دەربڕینی ئەمەی کە جەماوەری ئێران سەربەرزیی خۆیانیان لە ئاستی بایکۆتەکان پاراستووە، وتیشی: پەیوەندیی جەماوەری پاکستان و ئێران کلیشەیی و فەرمی نییە، بەڵکو ناخەکییەو تاسەمەندانە چاوەڕوانی پێشوازی کردنی گەرم و گوڕین لە سەرۆک کۆماری ئێران لە پاکستاندا.

سەرپەیڤ