تشرینی دووه‌م 05, 2022 12:30 Asia/Tehran
  • دەست پێکرانی کۆبوونەوەی گروپی دۆستان بۆ بەرگریکردن لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران

کۆبوونەوەی ڕێکخەرانی نەتەوەیی گروپی دۆستان بۆ بەرگری لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران دەستی پێکرد.

کۆبوونەوەی ڕێکخەرانی نەتەوەیی گروپی دۆستان بۆ بەرگری لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ شەممە بە میوانداریی وەزارەتی دەرەوە لە تاران دا دەستی پێکرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، یەکەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی گرووپی دۆستان بۆ بەرگری لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی دەرەوە دەستی پێکرد. «حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاهییان» وەزیری دەرەوەی ئێران، بریکاری وەزیران، باڵوێزەکان، نوێنەری تایبەت و ڕاوێژکاری سەرۆکی وڵاتانی ئەندامی ئەم گروپە بەشداری دانیشتنەکەن.

گرووپی دۆستان بۆ بەرگری لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢١ بە بەشداریی ١٩ وڵات لە نێویاندا ئێران بە ئامانجی پاراستن و بەرەوپێشبردن و بەرگریکردن لە سەروەری و ڕەوایی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهێنرا.

ئەندامانی ئەم گروپە بریتین لە وڵاتانی جەزائیر، ئەنگۆلا، بیلاڕووس، بۆلیڤیا، کەمبۆج، چین، کوبا، کۆریای باکوور، گینیا ئۆستوایی،  ئێریترە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، لائۆس، نیکاراگۆئە، فەلەستین، ڕووسیا، سەینت ڤینسێنت و گرێنادینز، سوریا، ڤەنزوێلا و زیمبابووە. ئامانجەکانیشی بریتین لە پێشخستنی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەماهەنگی لە بواری دەستپێشخەری هاوبەش بە مەبەستی بەهێزکردنی ڕێزگرتن لەو ئامانج و پرەنسیپانەی کە لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هەروەها بەهاو گفتوگۆ و لێبوردەیی و هاودەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلاندا.

سەرپەیڤ