سەرکردەی هێزی دەریایی ئەرتەش: هێزی دەریایی ئەرتەشی ئێران بە شەووڕۆژ لە قوڵایی دەریاکاندا ئامادەیە
سەرکردەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی:کۆپاپۆڕی ھێزی دەریاییی ستراتژیی ئەرتەشی ئێران لە هەموو ناوچە زەریاییەکاندا فراوانتر بووە و بە پاسەوانی کردن لە نەوتبەرو ئاوگەڕە بازرگانییەکان شادەماری ئابووریی وڵاتی گرتووەتە دەست.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، دەریاوان «شەهرام ئێرانی» سەرکردەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران،لە وتارێکدا پێش وتاری نوێژی هەینی لە تاران، وتی: هێزی دەریایی ئەرتەش بە کەڵک وەرگرتن لە توانا ناوخۆییەکانی و بە سودوەرگرتن لە دوایین دەستکەوتەکان و بەو ئامێرانەی لەبەردەستیدایە و ئەزموونی هەشت ساڵ بەرگریی پیرۆز، بە شەووڕۆژ لە قوڵایی دەریاکاندا ئامادەیەو خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیەتی.
دەریاوان «شەھرام ئێرانی» جەختی لەوەش کردەوە کە: دوو فەوجی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە سنوورە ئاوییەکانی ئەم وڵاتە لە باکووری زەریای هیند و دەریای سوورو لە بن گوێی دوژمنانی ئێران، بە ڕێکوپێکی پاسەوانی لە کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان دەکات ھەتا دوژمن نەتوانێت لەدژی بەرژەوەندی و سەرچاوەکانی گەلی ئێران پیلان دابڕێژێت.
سەرکردەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی دیپلۆماسیی دەریاییشەوە وتی: لە بواری دیپلۆماسیی دەریایی، پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی ئێران بە خەڵکی وڵاتانی دیکە گەیەندراوەو بە پشتیوانیی خەڵک، ھێزی دەریایی ئەرتەش سەرباری پیلان و ھەڕەشەو بایکۆت، دەستەڵاتی خۆی لە باڵاترین ئاست دا پاراستووەو بە ئاڵۆزترین ئامێرو کەرەستە کە بە دەستی لاوەکانی خۆی چێ دەکرێت لە ھەر شوێنێکدا کە ڕێگای ئاوی ھەبێت ئامادە دەبێت و مۆڵەتیش لە ھیچ وڵاتێک ناخوازێت.