پێداگریی ئەمیرعەبدوڵلاهیان لەسەر پێویستیی کۆتایی هاتنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" وەزیری دەرەوە ئێران لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لەگەڵ "جۆزێف بۆرێل"ی ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە پێداگری لەسەر پێویستیی کۆتایی هاتنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی ڕایگەیاند: گەلێک پێویستە لە خێراترین کاتدا پەلاماری سەربازیی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی غەززە راگیردرێ و بەستێن خۆش بێ بۆ بەڕێکرانی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە.
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" و "جۆزێپ بۆرێل" شەوی ڕابردوو سەبارەت بە دوایین ڕووداوەکانی غەززە و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بیر و ڕایان گۆڕییەوە و جەختیان کرد لەسەر پێویستیی هەرچی خێراتر کۆتایی هاتنی شەڕ لە غەززە؛ ئەمیرعەبدوڵاهیان وتیشی: سەرچاوەی ئەم ڕەوشەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ دەسدرێژکارییەکانی ڕژێمی زایۆنی و بێتوو جەنایەتی جەنگیی ڕژێمی ئیسراییل دژ بە غەززە و کەرتی ڕۆژاوا کۆتایی نەیەت، ئەگەری بڵاوبوونەوەی بازنەی شەڕ بۆ سەرانسەری ناوچەکە لە ئارادایە.
ئەمیرعەبدوڵاهیان سیاسەتی داکۆکیکارانەی ئەمریکای بە هاندەری ڕژێمی زایۆنی زانی بۆ بەردەوام کردنی پەلامارەکانی و کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە و هەروەها بە پاڵنەرێکی گرینگی وەسف کرد بۆ بەردەوام بوون و پەرەسەندنی ئاگری شەڕ. بۆرێلیش وتی: پێویستە کێشە و تووند و تیژییەکان لە کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا خێراتر کۆتایی بێت. بۆرێل هەروەها هیوای خواست کە هاوکاریی بنیاتنەری نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەر بەردەوام بێ.