وەزیری دەرەوەی ئێران: دەرفەت بەترۆریستان نادەین ئاسایشی ئێران و پاکستان بخەنە مەترسیی
وەزیری دەرەوەی ئێران پێی داگرت: ئێمە ڕێز دەگرین لە سەروەریی پاکستان و دەرفەت بە ترۆریستان نادەین جێی هەڕەشەو مەترسیی بن بۆ ئاسایشی دوو وڵاتی دراوسێ.
"حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان وتی: کەمتر وڵاتێک بەدی دەکرێ لەئاستی جیهاندا کە ئەوەندەی ئێران و پاکستان خاڵی هاوبەشی فەرهەنگی، مێژوویی و دینیان پێکەوە هەبێ، ئێران و پاکستان قەت لەسەر خاک و سەرزەوین ناکۆک نەبوون و ئەوەش، خاڵێکی ڕوونی دیکەی پەیوەندیی نێوان دوو ولاتە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لێرە لە ئیسلامئابادین هەتا بە دەنگی بەرز بڵێین دوو وڵات ڕێگە بە ترۆریستان نادەن ئاسایشی وڵاتەکانمان بخەنەبەر مەترسیی. لە ساڵانی ڕابردوودا دوو وڵات، شەهیدی ئاسایشی زۆریان پێشکەش کردو ترۆریستان زەبری زۆریان لە ئاسایشی دوو وڵات دا، بێگومان، ترۆریستان لە ناوچە سنوریەکان لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی دەکرێن کە هەرگیز، خێرخوازی ئێران و پاکستان نین.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها جەختی کرد: ئاڵقەگەلێکی بەهێزی پەیوەندیی و هاریکاریی سیاسی، کەلتوری، سەربازی و ئاسایشی و تیجاری لەنێوان دوو وڵاتدا هەیە. ئاسایی بوو سەرباری ئەو هاوکارییە بەهێز و چەندلایەنییە خێرا ئەو گرژییە وەپشت سەر بنێین و لە ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزمدا زۆر هێزمەندانە، بە نەخشە ڕێگایەک بگەین.