پزشکیان: فەرمانی پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر لوبنان لە نیۆیۆرکەوە دەرکراو
سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکدا بە شەرمەزارکردنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە شەهیدبوونی سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان وتی: جیهان ئەوەی لە بیر ناچێتەوە کە فەرمانی ئەم پەلامارە تیرۆریستییە لە نیۆیۆرکەوە دەرکراوە.
مەسعوود پزشکیان لە پەیامی خۆیدا، سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنانی بە جێی شانازیی موسڵمانان و هێمای جەهاد و خۆڕاگری زانی کە گەیشتە ئاواتی دێرینەی خۆی واتە پلەی بەزری شەهادەت.
پزشکیان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ڕێگای ئیلاهی هەرگیز بێ فەرماندەر و ڕێبەر نامێنێتەوە، راشیگەیاند: حیزبوڵای لوبنان لە جارانی خۆی درەوشاوەتر دەبێ و بێگومان ئاڵای خەباتی دژ بە زاڵمان هەرگیز نانەوێ.
هەر لەم ئاراستەیەدا سەرۆکی دەزگەی دادی ئێرانیش لە پەیامێکدا شەهیدبوونی سەید حەسەن نەسروڵای سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنانی پیرۆزبایی و سەرەخۆشی کرد و پێیداگرت: بە کوێریی چاوی دوژمنانی زایۆنی و پشتیوانانی زاڵمی ئەم ڕژێمە جەنایەتکارە، حیزبوڵای قارەمان لە ڕێگای خۆڕاگریدا، بەهێزتر و شێلگێڕانەتر لە ڕابردوو ڕێگای خۆی دەپێوێ.
سەرلەشکەر محەممەد باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لە پە یامێکدا بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ڕێگای شەهید نەسروڵا درەوشاوەتر و بەهێزتر لە جاران بەردەوام دەبێ، ڕاشکاوانە رایگەیاند: چارەنووسی ناوچەکە و فەلەستین لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ویست و ورەی پۆڵایینی خەباتکارانی خۆڕاگری و ئاڵاهەڵگریی حیزبوڵا بە شیاوەتیی تەواو دیاری دەکرێ.
سید عباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەیامێکدا بە ئاماژە بەوەی کە بێگومان خوێنی پاکی شەهیدانی خۆڕاگری بەستێنخۆشکەر دەبێ بۆ سەرکەوتنی یەکجاری و ئازادیی قودسی پیرۆز لە بوونی دزێوی جەنایەتکارانی زایۆنی، پێیداگرت: ڕژێمی زایۆنی ئێستا دەبێ بە ترس و تۆقانەوە کاریگەریی خوێنی سەید حەسەن نەسروڵا لەسەر پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتری خۆڕاگری ببینێ.