واقع بینی لە دانوستانە ناڤۆکییەکان، سیاسەتی سەرەکیی شاندی وتووێژکاری ئێران
درێژەی دانوستانی خولی سێیەمی وتووێژی ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە لابرانی گەمارۆ زاڵمانەکان دژی ئێران، پێشاندەری واقع بینی شاندی وتووێژکاری ئێرانە.
خولی سێیەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا ئەمڕۆ لەکاتێکدا لە ژنێڤی سویسڕا(شوێنی بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا) بەڕێوە چوو کە پێش ئەو دانیشتنە، وەزیرانی دەرەوەی ئێران وعوممان پێکەوە دیدار و وتووێژیان کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی عوممان لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژە بە دیداری "بەدر بووسەعیدی" و"عەبباس عێراقچی" رایگەیاند کە پێشنیارەکانی ئێران لەو خولەی دانوستاندا، بەئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران خراوەتەڕوو و بووسەعیدی جەختی کردووە لەسەر پێبەندبوونی عوممان بە داکۆکی لە وتووێژ بۆ گەیشتن بەڕێکاری قەبووڵکراو لە دانوستانەکاندا.
جاری یەکەم لە خولی سێیەمی وتووێژی شاندی ئێرانی و ئەمریکی لەکاتێکدا پاش دوو کاتژمێر و نیو کۆتایی پێهات کە ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، شاندی ئێرانی بە ئامادەیی تەواو، بەشداری ئەو خولەی دانوستانەکان بووە. ئەو ئامادەییەمان هەیە کە وتووێژەکان بەردەوام بکەین و بەلێبڕاویی تەواو بۆ دابینی بەرژەوەندییەکانی وڵات، درێژە بە دانوستان دەدەین. ناوبراو وتیشی: تەوەری سەرەکیی دانوستانەکان، پرسی ناڤۆکییە. هەڵوێستەکانی ئێمە ڕوونە . هەم بابەتی لابرانی گەمارۆکان و هەم ماف و بەرژەوەندییە ناڤۆکییەکانمان بە ئاگاداریی لایەنی عوممانی راگەیاند. بەدر بووسەعیدی وەزیری دەرەوەی عوممان لە میانەی دانوستانەکاندا و بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس باسی گۆڕینەوەی "بیرۆکەی داهێنەرانەو ئەرێنی" نێوان لایەنەکانی وتووێژکار لە ژنێڤی کرد.