وتەبێژی سپا: ژیریی دەسکرد لە شەڕی دوژمن دژی ئێران، شکستی هێنا
وتەبێژی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەڵێ: کەڵک وەرگرتنی ئەمریکا لە ژیریی دەسکرد و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو لە شەڕی ئەم دواییەی دژی ئێران، نەیتوانی ئامانجەکانی ئەو وڵاتە مسۆگەر بکا.
سەردار حوسێن موحیبی وتی؛ ئەمریکا لەو شەڕەدا لە دەیتاکانی مانگی دەسکرد، درۆن، رادار، سێنسۆرەکان و سیستە نەرمئامێریەکانی سەرکردایەتی بۆ ناسکردنی ئامانج و خێراکردنی بڕیاردانی سەربازیی کەڵکی وەرگرت بەڵام ئەو سیستمانە لە پێش بینی کردنی هۆکاری وەک؛ یەکڕیزیی، ئیرادەو ئامادەبوونی خەڵکی ئێران بێ ئاکام مانەوە. موحیبی هەروەها وتی: ئێران بەپشت بەستن بە توانای مووشەکی و درۆنیی خۆی، بەشگەلێک لە تۆڕی هەواڵگریی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دوژمنی کردەئامانج. وتەبێژی سپا، شەڕی ئەم دواییەی بە شەڕێکی تەکنۆلۆژیایی و هەمەلایەنە لێکدایەوەو جەختی کرد؛ جگە لە مەیدانی سەربازی، گۆڕەپانی راگەیاندن، میدیاو تەکنۆلۆژیاش لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو بەرەوڕووبوونەوە بووە.