کاردانەوەی ئێران بە قسە بێبنەماکانی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە سوریا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، قسە بێبنەماکانی سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنیی شەرمەزار کرد کە بانگەشەی کردبوو بەرزاییەکانی جەولان هەر هەمیشە هی ئەم ڕژێمە بووە و وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین بوونی نییە و نابێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە بەردەوامیی جەنایەتە پاوانخوازانەکانی ڕژێمی زایۆنی، ڕایگەیاند: بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی سوریایە و تەماح و زێدەخوازیی کۆلۆنیالیستیی قەوارەیەکی قۆرخکار و داگیرکەر ناتوانێت واقیعە یاسایی و مێژووییەکانی بگۆڕێت. هەروەها ئێران بڕیاری ئەمدواییەی حکومەتی کۆلۆمبیا لەسەر پشتڕاستکردنەوەی سەروەریی ڕژێمی زایۆنی بەسەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی شەرمەزارکرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی زانی. وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەم بەیاننامەیەدا هەروەها ڕایگەیاندووە: هەر لە بنەڕەتدا سەرکردەی باندی جەنایەتکار و مافیایی دەسەڵاتداری فەلەستینی داگیرکراو لە پێگەیەکدا نییە کە لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین قسە بکات، چونکە خاکی فەلەستین هی گەلی فەلەستینە و وەهم و خەیاڵی ڕەگەزپەرستانەی ڕژێمی جینۆسایدکاری زایۆنی ناتوانێ ئەم واقیعیەتە بگۆڕێ. وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها پێداگری کرد لە سەر پابەندیی یاسایی، ئەخلاقی و مرۆیی هەموو حکومەتەکان بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی سەبارەت بە یارمەتیدانی گەلی فەلەستین لەپێناو بەدەستهێنانی مافی ڕەوای دیاری کردنی چارەنوووس و ڕزگاربوونیان لە داگیرکاری، ئاپارتاید و ئیستیعماری ڕژێمی زایۆنی. هەر لەو بەیاننامەیەدا تیشکیش خراوەتە سەر بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاری و دەستدرێژیی بەردەوامی ڕژێمی زایۆنی لەدژی فەلەستینی داگیرکراو، لوبنان، سوریا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە مەسەلەی فەلەستین ئێستایش هەر گرنگترین دۆزی مرۆیی و ئەخلاقی جیهانی هاوچەرخ دێتەئەژمار که له ساڵی ١٩٤٨ـەوە به پێکهاتنی قەوارەیەکی ساخته له خاکی مێژوویی فەلەستین دەستی پێکرد و ئەم قەوارە نگریسە بە پەرەپێدانی شێرپەنجەئاسای خۆی بووە هۆی ئاڵۆز بوونی هەموو ناوچەکە و سەرانسەری جیهان.