ته‌مووز 18, 2023 15:56 Asia/Tehran
  • چ پەیوەندییەك لەنێوان دەم و ددان و نەخۆشییەكانی دڵدا هەیە؟

پزیشكێكی پسپۆڕی ددان ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەو كەسانەی قەستەرە، شەبەكە و باڵۆنی دڵیان بۆ دەكرێت، دەبێ سەرەتا پشكنینی دەم و ددان بكەن، چونكە هەندێك نەخۆشیی دڵ راستەوخۆ پەیوەندییان بە دەم و ددان هەیە

د. هیدایەت ئەبابەكر، پزیشكی پسپۆڕی ددان، بۆ (باسنیوز) ئەوەی خستەڕوو، كە زۆربەی جار، پزیشكی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ، نەخۆشیان بۆ دەنێرن، بۆ ئەوەی پشكنینی ددان بۆ نەخۆشەكە بكەن، ”ئێمە پشكنینی دەم و ددان بۆ ئەو كەسانە دەكەین، كە نەخۆشیی دڵیان هەیە، دواتر وەڵامی پشكنینەكە دەیدەنەوە پزیشكەكە، بۆ ئەوەی بزانرێ نەخۆشەكە دەتوانرێت شەبەكە و باڵۆنی بۆ دابنرێت، یان نا؟

لەبارەی ئەوەی چ پەیوەندییەك لەنێوان نەخۆشییەكانی دڵ و تەندروستیی دەم و دداندا هەیە، ئەو پزیشكە ئەوە روون دەكاتەوە، كە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان ئەو دوو نەخۆشییەدا هەی و دەڵێت: ”پزیشكی نەشتەرگەر، نەخۆشیی دڵ ناباتە هۆڵی نەشتەرگەری، تا رای پزیشكی ددان وەرنەگرێت، بەتایبەت لە رووی نەخۆشییەكانی پووكەوە، چونكە زیاتر خوێن لە رێی پووكەوە دەچێتەوە ناو دڵ، نەخۆشییەكی تایبەتی دڵ هەیە، كە بە هەوكردنی دیواری دڵ ناسراوە، هۆكارە سەرەكییەكەی ئەوەیە كە بەكتریا و پیسی لە رێگەی پووكەوە دەچێتە ناو دڵ، بۆیە ئەوانەی قەستەرە و باڵۆنیان بۆ دەكرێت، نابێت هیچ نەخۆشییەكی دەم و ددانیان هەبێت، چونكە دوای نەشتەرگەری، تا شەش مانگ ئەو نەخۆشە نابێت دەستكاریی دەم و ددانی بكرێت.“

ئەوەشی باس كرد، كە بەر لە نەشتەرگەری، قەستەرە و باڵۆن بۆ دڵ، دەبێ چارەسەری ددانی نەخۆشەكان بكەن، بەر لە نەشتەرگەری، بە پلەی یەك پشكنینی پووكیان بۆ بكرێت، دواتر ددان، ئینجا هەوكردن، ”ئەگەر نەخۆش دەماربڕینی بوێت، یان كلۆرییەكی زۆر لە ددانیدا هەبێت، دەبێت ئەمانە چارەسەر بكرێن، ئینجا نەشتەرگەرییەكەی بۆ بكرێت.“

 

سەرپەیڤ