تشرینی یه‌که‌م 09, 2025 12:20 Asia/Tehran
  • چۆن ببین بە کەسێکی بوێر؟ ڕێنماگەلی کردەیی بۆ گۆڕینی بوێری بۆ خوویێکی ڕۆژانە – بەشی دووەم

با سەرەتا بزانین بوێری سیفەتێکی زگماکی و جادوویی نییە کە بڵێین هەندێک مرۆڤ لەگەڵیدا لەدایک دەبن و هەندێکی تر لێی بێبەشن. بوێری کارامەییەکی فێربوویی، هەڵبژاردنێکی وشیارانە و وەکوو "ماسوولکە"یەکی دەروونی کە دەتوانێت هەروەک هەموو ماسوولکەیەکی جەستەیی بە ڕاهێنانی ڕۆژانە پەرەی پێ بدرێت. ئەم وتارە نەخشەڕێگا و چۆنییەتیی بنیاتنانی ژیانێکی بوێرانەترە بۆ هەر کەسێک کە ئامادەیە واز لە تەماشاچی بوون لە ژیاندا بهێنێت و هەنگاو بنێتە ناو مەیدانی کردەییەوە.

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا پێناسەی بوێریمان کرد و ڕەگ و ڕیشەی ترسمان دەستنیشان کرد. لەم بەشەدا باسی ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ترس و چۆنییەتیی برەوپێدانی بوێری دەکەین.

٧ ڕێگای پراکتیکی بۆ ئەوەی بوێرو نەترس بین:

١ - ترسەکانت دەستنیشان بکە و ناوی لێ بنێ و شیکاریان بکە
لەبری ئەوەی دەستەواژەی گشتی بۆ دەربڕینی ترس وەک "دەترسم" بەکار بهێنیت، بە تایبەتی ئەم پرسیارە لە خۆت بکە، "لە چی دەترسم؟".  پێڕستێک لە هەموو ترسەکانت بنووسە. کاتێک ترسەکەت بەوردی ناو دەنێیت، لە دێوەزمەیەکی نەناسراوەوە دەیگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک کێشەی بەڕێوەبردن.

٢ - لاوازی لە باوەش بگرە و کەموکۆڕییەکان قبووڵ بکە
ڕاهێنانی بەزەیی بەخۆتەوە بکە. لەبری ئەوەی دوای هەڵەیەک لۆمە لەخۆت بکەیت، بە خۆت بڵێ، "ئاساییە هەڵە بکەم، ئەمە بەشێکە لە پڕۆسەی فێربوون." قبوڵکردنی کەموکۆڕییەکان فشارەکەت بۆ ئەوەی تەواو و ئەفراژ بیت، لەسەر لا دەبات.

٣ -  بە هەنگاوگەلی زۆر بچووک دەست پێ بکە
ئەمە تەکنیکێکی زانستی لە بواری دەروونناسیدایە. پێڕستێک لە هەموو ئەو هەنگاوە بچووکانە - لە ئاسانترینەوە تا سەختترین - دروست بکە کە بەرەو ئامانجە ترسناکەکەت دەتبەن. پاشان بە ئاسانترینیان دەست پێ بکە.

٤ - زانیاری و لێهاتوویی خۆت زیاد بکە

یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی ترس لە شتە نەزانراوەکان ئەوەیە کە مرۆڤ بیانکات بە شتێکی ناسراو. ئەوەندەی زیاتر زانیاری و لێهاتووییت لە بوارێکدا هەبێت، ئەوەندەش متمانەت بەخۆت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی  زیاتر دەبێت.

٥ - خراپترین سیناریۆی مومکین شیکاری بکە

کاتێک تەرخان بکە بۆ ئەوەی بە وردییەکی زۆرەوە، خراپترین سیناریۆ کە ڕەنگە لە ئەگەری شکستهێنانت ڕوو بدات، بنووسیت. پاشان بۆ هەر بەشێکی ئەو سیناریۆ کارەساتبارە ئەم سێ پرسیارەی خوارەوە لەخۆت بکە:

•    چۆن دەتوانم لە ڕوودانی ئەم سیناریۆیە ڕێگری بکەم؟
•    ئەگەر سیناریۆیەکە ڕووی دا، چۆن دەتوانم زیانەکانی کەم بکەمەوە؟
•    ئەگەر هات و سیناریۆیەکە ڕووی دا، چۆن دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ دۆخی ئاسایی؟

٦ - نمونەیەکی بوێر بدۆزەوە و پشتیوانیی کەسانی تر بەکار بهێنە
خوێندنەوەی ژیاننامەی مرۆڤە بوێرەکان دەتوانێت سەرچاوەیەکی گەورەی ئیلهامبەخشت بۆ دابین بکات. سەرەڕای ئەمە، ترسەکانت لەگەڵ هاوڕێیەکی متمانەپێکراو یان ئەندامێکی خێزانەکەتدا بەیەکەوە باس بکە. قسەکردن لەسەر ترسەکانت دەسەڵاتیان دادەبەزێنێت.

٧ - پەیوەندی بە "بۆچی"ـیەتی گەورەترەکەتەوە بکە
بوێری کاتێک ئاسانتر دەبێت کە خزمەت بە "بۆچی"ـیەتیێکی گەورەتر لە خودی ترس بکات. کاتێک دەزانیت کە کردارەکەت لەگەڵ بەهایەکی بنەڕەتی لە ژیانتدا یەک دەگرێتەوە (وەک گەشەکردن، ڕاستگۆیی، دادپەروەری، خۆشەویستی، یان یارمەتیدانی کەسانی دیکە)، زۆر ئاسانتر دەتوانیت پاڵنەرەکەت بۆ زاڵبوون بەسەر ترسدا بدۆزیتەوە.

سەرپەیڤ